وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت بە سستی بەڕێوە دەچێت؛ 'کاتەکەی درێژ ناکرێتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان داوا لەو جووتیارانە دەکات کە گەنمەکانیان لەلایەن عێراقەوە وەرنەگیراوە، پەلە بکەن و رووبکەنە کەرتی تایبەت و رایگەیاند: "پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت و کاتەکەی درێژ ناکرێتەوە".
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بەرژەوەندیی جووتیاران بڕیاردرا، گەنمی ئەو جووتیارانەی کە لەلایەن بەغداوە وەرناگیراوە، لە هەرێمی کوردستان ساخبکرێتەوە، نزیکەی 10 رۆژە وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت لەلایەن هەردوو کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر دەستیپێکردووە".
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت، داوا لەو جووتیارانە دەکات کە گەنمەکانیان لەلایەن عێراقەوە وەرنەگیراوە، "بە زووترین کات بەپێی ناوچەکانیان سەردانی ئەو دوو کۆمپانیایە بکەن، دواتر بێبەش و زەرەرمەند دەبن".
بە هەمان تایبەتمەندییەکانی عێراق گەنم وەردەگیرێت؛ تۆنێک گەنمی پلە یەک بە 550 هەزار دینار و پلە دوو بە 525 هەزار دینارە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "تاوەکو 15ـی ئاب، لەلایەن هەردوو کۆمپانیاوە گەنم وەردەگیرێت و دوای ئەو کاتە بە هیچ شێوەیەک وەرناگیرێت؛ کاتەکەشی درێژ ناکرێتەوە".
گەنمی پارێزگای سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە وەردەگیرێت. بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "تائێستا 2101 تۆن گەنم لە شارەزوور، کەلار، پیرەمەگروون، بنگرد، بازیان، سەیدسادق و چەمچەماڵ وەرگیراوە".
ئەم ساڵ گەنمی دیبەگە و گوێڕیش لە پارێزگای هەولێر وەردەگیرا کە 27 هەزار تۆن بوو، تاوەکو 20ـی ئەم مانگە کە دوا رۆژی وەرگرتنی گەنم بوو لە پارێزگای هەولێر، نزیکەی 25 هەزار تۆن وەرگیرابوو. ئاکرەیی دەڵێت: "ئەو بەشەی ماوە لە گەنمی دیبەگە و گوێڕیش لەلایەن کۆمپانیای خۆشناوەوە وەردەگیرێت".
پار، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ئەمساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە 10ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تەممووز دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە.