تەماتەی شارەزوور ئەوەندە هەرزانە تۆڵەکەی ناگاتێ؛ جووتیاران مایەپووچ دەبن


رووداو دیجیتاڵ 

ئێستا وەرزی پێگەشتن و چنینەوەی تەماتەیە لە شارەزوور، بەڵام ئەو جووتیارانەی چاوەڕێ بوون بە فرۆشتنی بەرهەمەکەیان قەرزی کرێکار و دەرمان و پەینی کیمیایی بدەنەوە، لەبەر نزمیی نرخ نازانن چۆن کرێی گواستنەوەی بۆ عەلوە دابین بکەن.

مەروان عیرفان، جووتیارێکی گوندی بەکراوی سەر بە هەڵەبجەیە و شەش دۆنم زەوی کردووەتە تەماتە، باس لەوە دەکات، بەرهەمێکی زۆر باشی هەیە، بەڵام لە بازاڕدا ساخ نابێتەوە و نرخەکەی هێندە نزمە تەنانەت تێچووەکەشی دەرناهێنێتەوە. 

بە گوتەی ئەو جووتیارە، بەرهەمەکەی "لە بازاڕ کیلۆی 100 دینار دەکات کە خۆی بە سندووقەکەوە ئەوەندەی تێدەچێت... داواکارین حکومەت هاوکارمان بێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکەمان. بۆ عەلوەی سلێمانی دەینێرین پارە ناکات، بۆ کەلار ئەوە خۆیان هەیانە. بەس مەسرەفی سندووق و کرێکار 100 دینارە، ئیدی بەبێ ئەوەی کە کراوە، مەسرەفی هەمووی دەبێتە زەرەر و مایەپووچ دەبین."

بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانەوە، بەشێک لە جووتیاران پەنایان بردووەتە بەر کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و بۆ هەر کیلۆیەک 150 دینار وەردەگرن. 

رزگار جەلال، یەکێکی دیکە لەو جووتیارانە، دەڵێت: "بۆمان ساخ نابێتەوە، بازاڕ نییە، ئەڵێین با نەگەنێ، دەیهێنین بۆ مەعمەلەکە. دوێنێ دوو تۆن و 180 کیلۆم پێبووە لە سلێمانی، 25 هەزارم هێناوەتەوە، ئیدی بە تەمای چی بم؟ دوێنێ لە 9ـی بەیانییەوە لە عەلوەبووم تاوەکو ئێوارە بۆ ئەوەی 10 دینار زیاتر بکات، نەی کرد."

کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکەم کارگەی دروستکردنی دۆشاوی تەماتە بووە لە هەموو عێراق.

کامەران محەممەد، خاوەنی کارگەکە دەڵێت: "ئەم کارگەیە لە کاژێرێکدا دەتوانێت 10 بۆ 12 تۆن [تەماتە] وەربگرێت و لە شەو و رۆژێکدا 240 تۆن دەتوانین وەربگرین. ئەگەر حکومەت هاوکارمان بێت بە پێدانی قەرزی درێژخایەن یان پێدانی سووتەمەنی، دەتوانین زیاتر وەربگرین. ئێمە لە کەلار و شارەزوور و هەولێر تەماتە وەردەگرین، ویستمان لە دهۆکیش وەریبگرین، بەڵام بەهۆی کرێی گواستنەوەوە نەمانتوانی. دەرگامان واڵایە لە کاژێر 04:00ـی بەیانییەوە، هەرکەس دەیەوێت پەیوەندی بە کارگەوە بکات و تەماتەکەش بەپێی باشی، پارەی زیاتری پێدەدرێت."

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە روو لە زیادبوون دەکات، بەڵام نیگەرانیی سەرەکیی جووتیاران هەمیشە ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانە. بە بڕوای ئەو، لەڕێگەی هەناردەکردن و پلانی گونجاوەوە دەتوانرێت بە شێوەیەکی باشتر بەرهەمی جووتیاران ساخ بکرێتەوە.