لە تەقتەق دەستڕێژی گولــلە لە تاقیگەیەک کرا و کارمەندێکی خۆبەخش کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە تەقتەق دەستڕێژی گولـلە لە تاقیگەیەک کرا. بە گوتەی قایمقامی قەزاکە، کارمەندێکی تەندروستی کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە؛ "کوژراوەکە 15 گولـلەی بەرکەوتووە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی تەممووز، ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە نزیک نەخۆشخانەی گشتیی تەقتەق، دەستڕێژی گوللـە لە تاقیگەیەک کرا و بەهۆیەوە کارمەندێکی تاقیگەکە گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوو بریندار بوو."
 
رووداوەکە نزیکەی کاژێر 9:30 روویداوە. ئاسۆ مستەفا گوتی، "بکوژەکە 15 گولـلەی لەو کارمەندە داوە و دواتر هەڵاتووە"، هۆکارەکەشی بۆ "کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی" گەڕاندەوە.
 
بە گوتەی قایمقامی تەقتەق، "کوژراوەکە دەرچووی بەشی پەرستارییە و وەکو خۆبەخش لەو تاقیگەیە ئیشی کردووە."
 
باسی لەوەشکرد، "ئەو کەسەی تەقەی کردووە تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."
 
تەرمی کوژراوەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە، بریندارەکەش گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، کە وەک ئاسۆ مستەفا دەڵێت، "تەندروستی باشە."