لە ئیلام دوو کەس لەلایەن پۆلیسەوە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئیلام دوو کەس لەلایەن پۆلیسەوە کوژران.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەمموزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیلام رایگەیاند، "شەوی رابردوو دوو ماتۆڕسوار لە پارکی تەوحیدی شاری هێڵان تەقەیان لە هاونیشتمانیان کردووە و هەڵهاتوون."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیلام گوتی: "پۆلیس بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە و لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانباراندا ئەو کەسانە تەقەیان لە پۆلیس کردووە و لە ئەنجامدا هەر دوو تاوانبارەکە لە لایەن پۆلیسەوە کوژران."
بەگوتەی پۆلیسی ئیلام بە هۆی تەقەی ئەو دوو کەسە لە ناو پارکەکە چەند کەسێک بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
شاری هێڵان لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەپێی دوایین ئامار ژمارەی دانیشتووانەکەی 2128 کەسە.