دوو رۆژە دارستانێکی عەفرین دەسووتێت و نەکوژێندراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێوە ئاگر لە دارستانێکی سنووری عەفرین کەوتووەتەوە و بەردەوامە. بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە سنوورەکە دەڵێت: "بە ئەنقەست ئاگر لە دارەکان بەردراوە".
ئاگرەکە ئێوارەی چوارشەممە لە دارستانەکانی چیایەکە لەنێوان گوندەکانی (ئەرندێ و ترمیشا) لە سنووری ناحیەی شیێ لە عەفرین کەوتووەتەوە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە بە ئەنقەسەت بەردراوەتە دارەکان، بانگەشەی کوژاندنەوەی کرا، بەڵام تائێستا نەکوژێندراوەتەوە".
هاونیشتمانیانی هەردوو گوندەکە، رێکخراوی بەهار و تیمەکانی بەرگری شارستانیی ناحیەی شیێ، لە دوێنێوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بۆیان کۆنترۆڵ نەکراوە.
لەبارەی ئەوەی کێ ئاگری بەرداوەتە دارەکان، ئەحمەد حەسەن، کە هاوکات خۆی خەڵکی گوندی ترمیشایە دەڵێت: "ئەوەی روونە ئاگرەکە بە ئەنقەست بووە، بەڵام کەسانێکن یان گرووپێکی چەکدار ئەوە دڵنیا نین".
ئەو دارانەی تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەسووتێن، داری سنەوبەرن و تیمەکان سەرقاڵی کوژاندنەوەین.