چیرۆکی مام تەها رەشید؛ 25 ساڵ پێشمەرگە بوو بەڵام ئێستا بێ مووچەیە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژانێک شاخ بە شاخی کوردستانی دەبڕی و بەرگریی لە نیشتمان دەکرد، بەڵام ئێستا مام تەهای تەمەن 73 ساڵ، بە دوو قاچی بڕاوەوە و جەستەیەکی لاوازەوە، رۆژەکانی لەسەر جێگەی نەخۆشی بەڕێدەکات.
ئەو پێشمەرگەیەی شۆڕشی ئەیلوول، ماوەی 20 ساڵە مووچەکەی بڕاوە و لەگەڵ خێزانەکەیدا بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێپەڕدەبێت.
مام تەها ڕەشید، کە 25 ساڵ پێشمەرگە بووە، بە حەسرەتەوە باسی رۆژانی خەباتی دەکات و بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: "زۆرم پێشمەرگایەتی کردووە، لای نامیق سوارە و خدر سوارەی شەهید بووم، لە خولی بارزانی ڕاهێنانم کردووە. ئێستا تەنیا 150 هەزار دینارم هەیە کە لە دەزگای خێرخوازیی ئەحمەد ئیسماعیل وەریدەگرم. چەندین جار پێیان گوتووم وەرە بۆت تەواو دەکەین، سبەی وەرەوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەکردووم."
ئەم پێشمەرگە دێرینە نەخۆشیی شەکرەی هەیە، کە بووەتە هۆی بڕینەوەی هەردوو قاچی و کزبوونی بینایی چاوەکانی. ئەو باوکی هەشت کچ و تاقە کوڕێکە. ئیسماعیلی کوڕی، کە تاکە نانپەیداکەری ماڵەکەیە، بە تاکسییەکی بەکرێگیراو کار دەکات بۆ ئەوەی بژێوی باوکی و دایکی و خێزانی خۆی دابین بکات، لە کاتێکدا خۆی و دایکیشی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە.
سەلما مەولوودی هاوژینی، کە بەوپەڕی وەفادارییەوە خزمەتی دەکات، دەڵێت: "بەخوا لەگەڵ کچەکەم پێکەوە دەیشۆین و خزمەتی دەکەین، نانی دەدەینێ. ئەی کێی دیکەی هەیە خزمەتی بکات؟ من لە دیاری دانیشتوومە."
خێزانەکەی ماوەی حەوت ساڵە دەرگای هەموو دامەزراوە حیزبی و حکومییەکانیان کوتاوە، بەڵام بێسوود بووە.
ئیسماعیل تەها، کوڕی مام تەها، بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "نە هاوکارییان کردووە و نە مووچەیان بۆ بڕیوەتەوە، تەنانەت سەردانیشی ناکەن. خۆم چوومەتە لای زۆر بەرپرس و ئەندامی لق و پارێزگا، بەڵام کەس ناهێڵێت دەنگم بگات. پێمدەڵێن چاوەڕێکە یان سبەی وەرەوە. 10 ڕۆژە لە لقی 23 چاوەڕێی بینینی بەرپرسێکم، بەڵام ناهێڵن بچمە ژوورەوە."
ئیسماعیل لە کۆتاییدا ناسنامەی بەشداربوونی باوکی لە شۆڕشی ئەیلوولدا پیشان دەدات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974، وەک بەڵگەیەک لەسەر ڕابردووی پڕ لە قوربانیدانی باوکی.