لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ قەیرانی ئاوی دهۆك پێكدەهێنرێت
رووداو - دهۆك
بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی كەمئاوی لە دهۆك و سێمێل، لێژنەیەك پێكهێنرا. بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای دهۆك دەڵێت: دوو ساڵ پێش ئێستا داوامانكردبوو فلتەرەكان بگۆڕن، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی نەمانتوانی. دەشڵێت گۆڕینی فلتەرەكان پێویستی بە دوو ملیۆن دۆلارە.
زیاتر لە دوو هەفتەیە كێشەی كەمئاوی رووی لە شاری دهۆك و قەزای سێمێل كرد و بەو هۆیەوە 800 هەزار كەس بێ ئاو بوون، توانرا قەیرانەكە چارەسەر بكرێ، بەڵام لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری درستبوونی قەیرانەكە پێكهێنرا و لە چەند رۆژی داهاتوودا راپۆرتێك دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ئەندازیار جەلال جەمیل، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند "قەیرانەكە بەهۆی پیسبوونی 24 فلتەری پڕۆژەی سەرەكی ئاوی دهۆك دروستبوو، ئێمە دوو ساڵ پێش ئێستا داوامانكرد فلتەرەكان بگۆڕن، بۆ ئەمەش داوای دوو ملیۆن دۆلارمان كرد، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی پارەكەیان بۆ خەرج نەكردین، بۆیە نەمانتوانی فلتەرەكان بگۆڕین".
پرۆژەی سەرەكی ئاوی دهۆك لە ساڵی 2009 دروستكراوە و 260 ملیۆن دۆلاری تێچووە. 65%ی ئاوی خواردنەوەی دهۆك و سێمێل لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە دابین دەكرێ، 35%یشی لە رێگەی بەنداوی دهۆك. لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا كێشەی پیسبوونی فلتەرەكانی پرۆژەی سەرەكی ئاوی دهۆك سەری هەڵدا و قەیرانی كەمئاوی رووی لە دهۆك كرد.
ئەندازیار جەلال جەمیل دەڵێت دوای دروستبوونی ئەو كێشەیە، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی كێشەكە دروستكرا، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا راپۆرتێك لەو بارەیەوە ئامادە بكەن، لەوێ باس لە لایەنی كەمتەرخەم و چۆنیەتی چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكە دەكەن.
هەروەها بڕی ئەو پارەیەش دەستنیشان دەكەن كە بۆ گۆڕینی فلتەرەكان و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكە پێویستە.
سەبارەت بە دووبارەنەبوونەوەی ئەو كێشەیە، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆك دەڵێت، ئەوەی روویدا پێشبینیكراو نەبوو، بۆیە نازانین لە داهاتوودا چی روودەدات، ئەو پرۆژەیە 10 ساڵە كار دەكات و هیچ كێشەیەكی نەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین كە ئەو كێشەیە دووبارە نەبێتەوە.