دوو کچ لە رووباری خازر خنکان؛ 'هاوڕێی یەکدین و قوتابین'

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕ تەرمی دوو کچ لە رووباری خازر لە نزیک گوندی خەلیلکان سەر بە ناحیەی گردەسێن دۆزرانەوە.
 
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کچ کە تەمەنیان لە دەوروبەری 20 و 24 ساڵیدایە لە رووباری خازر خنکان و تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی یەکێک لە کچەکان خۆی سەرئاو کەوتووە و تیمەکانیان تەرمی کچەکەی دیکەیان دەرهێناوە و رەوانەی دادپزیشکیی ئاکرێ کراون.
 
عەقید ئیبراهیم فەریق ئەوەشی خستەڕوو، "کاژێر 03:00ی بەرەبەیان چەند کەسێک کە خەریکی ماسیگرتن بوون لەسەر رووبارەکە، تەرمی کچێکیان بینیوە و دەریانهێناوە. لە شوێنی رووداوەکە پێڵاوی دوو کچ هەبوون، بۆیە کاژێر 06:00ی بەیانی تیمەکانمان رۆشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەی دیکەیان دۆزیوەتەوە."
 
عاسف زێباری، موختاری گوندی خەلیلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کچەکان هاوڕێی یەکتر بوون و قوتابین، تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 20 ساڵیدا بووە، دوێنێ ئێوارە بۆ مەلەوانی رۆشتوونەتە سەر رووباری خازر و خنکاون.
 
بە گوتەی موختاری کۆمەڵگای خەلیلکان، خێزانەکانی ئەو دوو کچە وایان داناوە کە شەو لە ماڵی یەکێکیان لای یەکدی ماونەتەوە بۆیە زوو ئاگاداری خنکانەکە نەبوون.