چەند تەرمی شەڕەکەی لالەزار لە دادپزیشکیی سلێمانین؟
رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوبووەتەوە، گوایە تەرمی نزیکەی 40 کەس لە دادپزیشکیی سلێمانییە کە لە پێکدادانەکانی لالەزاردا کوژراون، بەڵام دادپزیشکی رەتیدەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە دادپزیشکیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا یەک تەرم لە دادپزیشکییە، تاوەکو ئێستا کەسوکاری نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەرمەکە چەکدارێکی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگییە، لە پێکدادانی 22ی ئەم مانگەی لالەزاردا لە سلێمانی کوژراوە.
دوێنێش تەرمی هاونیشتمانییەکی دیکە کە لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بوو، لە دادپزیشکیی سلێمانییەوە رادەستی کەسوکاری کرایەوە.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستدا و 20 کەسیشیان بریندار بوون.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دوێنێ بە رووداوی گوت، "دۆخی بریندارەکان باشە و زۆربەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە."