زیاتر لە 19 هەزار زیانلێکەوتووی شنگال و دەوروبەری قەرەبوو دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە تەواوکردن و خەرجکردنی قەرەبووی زیاتر لە 19 هەزار و 836 مامەڵەی زیانلێکەوتووانی دەستی داعش لە شنگال، گرعزێر و ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەرەبووکردنەوەکە لە خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە دەگۆڕدرێ، بە گوێرەی ئەو زیانەی بەریان کەوتووە. لیژنەیەک پێشتر هەڵسەنگاندنی بۆ زیانەکان کردووە."
بە گوتەی خەلەف شنگالی، ماوەیەک بوو خەرجکردنی پارەی قەرەبووکردنەوەکە راگیرابوو، بەڵام بە هەوڵ و کۆششەکانیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا و بڕیارەکەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتە بە دادپەروەری بۆ زیانلێکەوتووان و قەرەبووکردنەوەیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی "بەهۆی تیرۆر و رووداوە دڵتەزێنەکانەوە" تووشی بوون.
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، ئەوەی دەکرێت "هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو ناوچانە،" وەکو بەردەوامییەکە لە پشتیوانیکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای نەینەوا.
رۆژی 12-11-2015 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە سێ قۆڵەوە دەستیپێكرد و لە 48 كاژێردا قەزاكە لە دەست چەکدارانی داعش ئازاد كرا.