25 کۆچبەری کورد لە لیبیا دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتال

25 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند: "سۆراخی 25 کۆچبەری کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان کرد و توانیمان بیاندۆزینەوە و لەلای ئێمە پارێزراون. بەمنزیکانە مامەڵەکانی رەوانەکردنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێ". 
 
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی و لە رووبەرووبوونەوەی کۆچی نایاسایی لیبیادا سۆراخیان کردوون".
 
ئەحمەد سەحاف ئەمڕۆ کۆمەڵێک ڤیدیۆ و وێنەی کۆچبەرەکانی بۆ رووداو نارد و دەڵێ: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی لیبیا توانیومانە ئەو کۆچبەرانە ئازاد بکەین. هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین و نیشتەجێی رانیەن".
 
ئەحمەد سەحاف دەڵێ : "سوورین لەسەر دۆزینەوە و بەدەرخستنی چارەنووسی هەموو کۆچبەران، ناوە ناوەش ئەو کۆچبەرانە دەدۆزینەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە لیبیا".
 
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا باس لە رێکاری گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەکات و دەڵێ، پێش هەموو شت پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە دەکەن و دواتر پاسپۆرتیان بۆ دەردەکرێ و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ گەڕانەوەیان.
 
هۆشداریش دەدات گەنجانی کۆچبەر رێگەی لیبیا نەگرنەبەر و دەڵێ، "رێگەیەکی پڕ مەترسییە."
 
یەکێک لە کۆچبەرەکان قسە دەکات و دەڵێ: "رێگەی لیبیا خەتەرە و با کەس بەو رێگەیەدا نەیەت".