کاروباری کۆمەڵایەتی داوا دەکات کارکردنی کارمەندانی خۆبەخش لە کەرتی تایبەت قەدەخەبکرێ
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بە نووسراوێکی فەرمی داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، گشتاندنێک بکەن بۆ ئەوەی کارکردنی کارمەندانی خۆبەخش لە کەرتی تایبەت قەدەخە بکرێ.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی سەردانی لیژنەکانمان بۆ شوێنەکان دەرکەوتووە کە کارمەند بە شێوازی خۆبەخش بەکاردەهێنن یان بە بیانووی تاقیکردنەوە چەند مانگێک کاری پێدەکەن بەبێ ئەوەی مووچەی بۆ هەژمار بکرێ؛ بۆیە بە نووسراو داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تاوەکو گشتاندنێک تایبەت بەم بابەتە بکەن".
نووسراوەکە لەلایەن کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەرچووە و تێیدا هاتووە: "بەپێی مادەی 71ـی یاسای کاری ساڵی 1987، کارکردنی ئەو کارمەندانە بە خۆبەخشی و بەبێ مووچە سەرپێچیی یاسایە".
بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، ئەو رەفتارە بەکارهێنانی کارمەندە وەک کاڵا، چونکە بەپێی یاسای کار، خاوەنکار پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بەرامبەر بەو کارمەندەی کارەکانی جێبەجێ دەکات.
بڕیارەکە تەنیا بۆ کەرتی تایبەتە و کەرتی گشتی ناگرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "ئەو کەسانەی وەک خۆبەخش لە کەرتی حکومی کار دەکەن خاوەنی بڕوانامەن و ئەزموونی کار بۆ خۆیان زیاد دەکەن، لە کاتی دەرفەتی دامەزراندندا پێشینەیان پێدەدرێ، بەڵام لە کەرتی تایبەت تەنیا بەکاردەهێندرێن و دواتر دەردەکرێن".