لە مەڕەشی باکووری کوردستان بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک، کە گوڕەکەی 4.1 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویداو. تاوەکو ئێستا زیانەکانی نەزانراون.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 05:59 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025، لە شارۆچکەی ئەلبیستان سەر بە پارێزگای مەرەش بە قووڵایی 19.74 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
تاوەکو ئێستا نەنزانراوە بوومەلەرزەکە زیانی هەبووە یان نا.
گەورەترین بوومەلەرزە کە بەمدواییانە لە تورکیا و باکووری کوردستان روویدابێت، بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 بوو، کە گوڕەکەی 7.7 پلە بوو و چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتیی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون.
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.