کەمئاوی بەشێکی پارکەکانی سلێمانی وشک کردوون
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پارک و باخچەکانی سلێمانی بەرەو وشکبوون دەچن، هۆکارەکەیشی نەبوون و لاوازبوونی سەرچاوەکانی ئاوە.
پارکی نالی بەتەواوەتی سەوزایی چیمەنەکەی لەدەست داوە، مانگێک زیاترە بلوارەکەی هاژەی لێوە نایەت.
لەنێو شاری سلێمانی 510 باخچە ،7 پاركی گەورە، 85 بلوار و 233 بیری ئاو هەیە، بەڵام کامئاوییەکەی ئەم ساڵ نزیکەی 200 لەو بیرانەی وشک و کەمئاو کردووە.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، "ئەم ساڵ پلەی گەرما زۆر بەرز بوو، بەشی زۆری سەوزاییەکانمان هەڵپڕوکاون، بەڵام ئەم ماوەیە شەو درێژ بووە و کەشیش فێنک بووە و درەختە وشکبووەکانمان بەرەو سەوزبوونەوە دەچن".
هۆکاری سەرەکی سستبوون و وشکبوونی سەوزاییەکانی نێو سلێمانی، بۆ تەواوببوونی گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیای دابینکردنی ئاو بە تانکەر گەڕێتەوە، بەجۆرێک مانگێکە دابینکردنی ئاو لە 4 ملیۆن لیتری رۆژانەوە بۆ ملیۆن و نیوێک کەمبووەتەوە.
ئالان بوورهان، سەرپەرشتیاری ئاودانی بلوارەکانی سلێمانی لەمبارەیەوە دەڵێت، "کێشەکە ئەوە بوو بەشێکی زۆری بیرەکانمان وشک بوون و قلیاسانیش وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی ئێمە، زۆرجار ئاوی لێدەبڕێت. جیا لەوەش تەندەری کۆمپانیای ئاودان، درەنگ رێگەپێدانیان وەرگرت".
رووداو زانیویەتی، دوای درووستبوونی ئەو دۆخە نالەبارە، هەفتەی رابردوو، بە بڕی نزیکەی 700 ملیۆن دینار گرێبەستێکی نوێ بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە، رۆژانە دەبێت 40 تانکەری بەبەردەوامی خەریکی دابینکردنی ئاو بن.