وەزارەتی ئەوقاف: 4ـی ئەیلوول رێوڕەسمی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام بەڕێوەدەچێ
رووداو دیجیتاڵ
چواری ئەیلوول رۆژی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلامە (د.خ). گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەم ساڵیش چالاکیی جیاوازمان دەبێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی 8ـی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کورستان بە رووداوی گوت: "رۆژی 4ـێ ئەیلوول رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەرمان محەممەدە (د.خ). وەزارەتمان ئەو رۆژە بە بەرزی رادەگرێ و بە شێوازی جیاواز یادی دەکاتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەو رۆژە لە نێو سەنتەری شاری هەولێر سەکۆیەکی تایبەت دادەنرێ و چەندین چالاکی لەو رۆژەدا بەڕێوەدەچن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لەسەر ئەو سەکۆیە، سروودی تایبەت بەو رۆژە پێشکێش دەکرێن."
لەبارەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتی ئەوقاف لەو رۆژەدا نەبەز ئیسماعیل گوتی: "ئەم ساڵ بە شێوەی جیاواز شار و مزگەوتەکانی شار دەڕازێنینەوە. 30 رۆژ چالاکییەکانمان لە هەموو کوردستان بەردەوام دەبن."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند: "ئاهەنگ و مەولوودی تایبەت و فەرمی بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر محەممەد (د.خ) رێک دەخەین. مەولوودەکە لە نێو سەنتەری شاری هەولێر دەبێ."
لەبارەی ئەو چالاکییانەوە کە ساڵانی رابردوو نەکراون، نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، پێشبڕکێی پرسیار و وەڵام لە مزگەوتەکان بەڕێوەدەبرێ.
نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: "لە ساڵانی رابردوودا زۆر رەنگی تێکەڵی رازاندنەوەی شار دەکران، بەڵام ئەم ساڵ بە یەک رەنگ دیزاینی لۆگۆی تایبەت بەو رۆژەمان کردووە. هاوکات شیرینی و شەربەت بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکرێت."
12ـی رەبیعی یەکەم بە گوێرەی رۆژژمێری کۆچی، رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلامە و لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان رێوڕەسم و چالاکی بەڕێوەدەچن. رێوڕەسمە گەورەکە لە شاری قەڵا و منارەی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێ.