لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی قوتابخانە و زانکۆکان مشتومڕی خوێندن بە کوردی یان ئینگلیزی گەرمە


رووداو دیجیتاڵ

لە چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی قوتابخانە و زانکۆکان، کە 15 هەزار خێزان لە چوار رۆژدا سەردانیان کرد، باخچەی ساوایان و قوتابخانە سیستم ئینگلیزییەکان سەرنجی زۆربەی دایک و باوکانیان راکێشا، هاوکات مشتومڕێکی لەنێوان پەروەردەکاران و خێزانەکاندا دروستکردووە لەسەر ئەوەی کام زمان بۆ بناخەی منداڵ گرنگترە؛ کوردی یان ئینگلیزی؟.
 
باخچەی ساوایانی سیستم ئینگلیزی یەکێکن لەو شوێنانەی بەهۆی فێرکردنی زمانێکی پاراوەوە، بوونەتە جێی سەرنجی دایک و باوکان. ئایە خالید، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی تولیپ، پێیوایە ئەمە پێداویستیی سەردەمە و دەڵێت: "خۆی سەردەمی ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە، زمانی ئینگلیزی زۆر خواستی لەسەرە. دایک و باوکەکان لە ئێستاوە وەک بناخەیەک بۆ منداڵەکانیان دایدەنێن، بۆ ئەوەی کە گەورە بوو کێشەی بۆ دروست نەبێت."
 
ئەگەرچی زمانی کوردی بەلای بەڕێوەبەرانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانەوە گرنگە، بەڵام زۆرجار خواستی دایک و باوکان زیاتر بەلای زمانی ئینگلیزیدایە. ڤیان مەڕوان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی هێڤار دەڵێت: "تووشی زۆر شت بوومە، دایک و باوک هەیە دەڵێن نا مامۆستا، دەمەوێت منداڵم زیاتر فێری ئینگلیزی ببێت، بەهۆی ئەوەی کوردییەکە لە ماڵەوە بەکاردەهێنرێت."
 
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، زمانی ئینگلیزی بووەتە زمانی یەکەم لە ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی تایبەت، بەڵام هەموو پەروەردەکاران لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین. هەمزە عەباس، مامۆستا لە دامەزراوەی ژیار کە سیستمی خوێندنیان کوردییە، پێی وایە منداڵ تاوەکو تەمەنی 8 ساڵی دەبێت تەنیا بە زمانی دایک بخوێنێت و دەڵێت: "پێویستە وەزارەتی پەروەردە پێشەنگ بێت و بۆ دایک و باوکانی روون بکاتەوە کە گرنگە منداڵەکانمان بە زمانی دایک فێر بن، دواتر فێربوونی زمان پراکتیزەکردنە."
 
بۆچوونی دایک و باوکان لەسەر ئەم پرسە دابەش بووە؛ هەندێکیان فێربوونی ئینگلیزی بە بنەما دەزانن، هەندێکی دیکەش پێیان وایە زمانی دایک لەپێشترە.
 
سەوسەن ئیبراهیم، دایکی قوتابییەکە و دەڵێت: "خۆم حەزدەکەم سەرەتا بە ئینگلیزی بێت، بەڕاستی چونکە وەک بنەڕەتێکە بۆیان"، بەڵام محەمەد شەوکەت، باوکی قوتابییەکی دیکە رای جیاوازە و دەڵێت: "ئەوکاتەی منداڵەکە زمانی دایکی تەواو دەبێت، ئینجا دەتوانێت بە کۆرس فێری ئینگلیزی بێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نیم بە ئینگلیزی بخوێنێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک خێزان نیگەرانیی خۆیان لە کاریگەریی سیستمی ئینگلیزی لەسەر کولتووری منداڵەکانیان دەردەبڕن. شەهێن عوسمان، دایکی قوتابییەک، لە ئەزموونی خۆیەوە دەڵێت: "بابەتەکە زیاتر کولتوورە، منداڵمان کە سیستەم ئینگلیزی بوو، کولتووری خۆی لەدەست دا و وەک رۆبۆتی لێهات."
 
بەرامبەر بەم بۆچوونە، سنوور دزەیی، باوکی قوتابییەک، بەرگری لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەکات و بە کلیلی داهاتوو ناوی دەبات: "من پێش 30 ساڵ بە خزمان و برادەرانی خۆمم دەگوت، منداڵەکانتان فێری ئینگلیزی بکەن، چونکە خوێندن لە 95٪ی زانکۆکانی جیهان بە زمانی ئینگلیزییە."