چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان: ئەو کەسانەی دەهێنرێنە سەنتەرەکانی شیاندنەوە، هۆشبەر بەکارناهێننەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەنتەرەکانی شیاندنەوەی چاکسازییەکاندا، چارەسەرکارانی دەروونی، خول و چالاکی بۆ حوکمدراوانی مادەی هۆشبەر ئەنجام دەدەن. ئاماژە بەوەش دەکات، 99٪ی ئەو کەسانەی لەو سەنتەرانەدا وەردەگیرێن، دوای تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە، مادەی هۆشبەر بەکارناهێننەوە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئابی 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە لەلایەن شەهیان تەحسین پێشکێش دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا 5872 حوکمدراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، لەو ژمارەیە، 1636 کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوەیە، کە 720 بەکارهێنەر و 916یان بازرگانانن، هاوکات 19 کەسیان تەمەنیان لە نێوان 13-22 ساڵدایە.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە عێراق بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە تەمەنی 9 ساڵیدا دەستگیر دەکرێن و حوکم دەدرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە 11 ساڵیدا.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، لە 1ی کانوونی دووەمی پار، شەش سەنتەری شیاندنەوەیان لە چاکسازییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کردنەوە و 501 حوکمدراوی مادەی هۆشبەریان لەو شەش سەنتەرەدا وەرگرتن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، 95٪ی ئەو 501 حوکمدراوە،  تاوەکو کۆتایی ساڵی پار، گەڕانەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.
 
ئیحسان عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 300 حکومدراو لە سەنتەرەکانی شیاندنەوەدا وەرگیراون.
 
ئیحسان عەبدوڕەحمان باسی لەوە کرد، لە سەنتەرەکانی شیاندنەوەدا پسپۆڕان و چارەسەرکارانی دەروونی هەن؛ چەندین خول و چالاکی بەشێوەی تاک یاخود گرووپ بۆ حوکمدراوان ئەنجام دەدەن، ئەوەش بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دۆخی ئەوان بۆ پێش بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، حوکمدراوان دوای ئەوەی لە سایەی سەنتەرەکانەوە دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، راستەوخۆ دەگەڕێندرێنەوە چاکسازییەکان و دەبێت ماوەی حوکمەکەیان تەواو بکەن، ئینجا دەردەچن.
 
وەک ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، لەوەتەی ئەو سەنتەرانەیان کردوونەتەوە، 99٪ی حوکمدراوان دوای تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە، مادەی هۆشبەریان بەکارنەهێناوەتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە هەڵەبجە، زاخۆ و سۆرانیش، چاکسازیی گەوران بکرێتەوە.