بەڕێوەبەری ژینگەی کامیاران: 30 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ژینگەی شاری کامیاران دەڵێت، ئاگری ناوچەیەکی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان کۆنترۆڵکرا و 30 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، مەسعود مەحموودی، بەڕێوەبەری ژینگەی شاری کامیارانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "بە هاوکاریی ژینگەپارێزان، خەڵک و هێزەکانی فریاکەوتن، ئاگری دارستانەکانی پەچەڕەشە لە کامیاران کۆنترۆڵکرا."
 
مەسعود مەحموودی گوتی: "بەهۆی ئاگرەکەوە 30 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە."
 
مەسعود مەحموودی ئاماژەی بەوەشکرد: "هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان کاریگەریی زۆری لەسەر هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ رووبەرێکی بەرفراوانتر هەبوو."
 
ئاگرەکە دوێنێ شەممە کەوتەوە. ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان کە رووبەرەکەی 56 هەزار هێکتارە، دەکەوێتە نێوان شارەکانی کامیاران، سەوڵاوا و مەریوان و بەهۆی دەوڵەمەندیی ژینگەییەوە بە یەکێک لە تایبەتترین شوێنەکان دادەنرێ.
 
ناوچەکە 117 جۆر خشۆک، 23 جۆر شیردەر، 17 جۆر پەلەوەر و 242 جۆری رووەکی تێیدا دەستنیشانکراوە.
 
لە دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگای سنە، 340 هەزار هێکتاری دارستان و یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتار پووش و پاوان و لەوەڕگەیە.