یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان: بەشێکی زۆر لە ژنان دەنگ بە بەربژێرە ژنەکان نادەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سێ هەزار و 249 بەربژێر، ژنان بە 982 بەربژێر رکابەری دەکەن و هەوڵی مسۆگەرکردنی کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژنانی عێراق نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا لە کۆی هەزار و 800 بەربژێری ژن 87 ژن چوونە پەرلەمانی عێراق، لەنێویاندا تەنها چوار ژنیان دەنگی پێویستیان بەدەستهێنابوو.
 
ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە عێراقدا دەنگ نادەنە بەربژێرانی ژن. سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ئامارێکی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بە نموونە دەهێنێتەوە، کە ژنان چەندە دەنگیان بە بەربژێرانی ژن داوە.
 
ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی کورستان لەبەرچاوبگرین، دەبینین ئافرەتان 15%ی دەنگەکانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە، لەنێوان پێنج حیزبی باڵادەستدا. لە عیلمانییەکاندا باشترە. بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرترین رێژەی جەماوەرەکەی دەنگی بە ئافرەت داوە گەیشتووەتە 19%. یەکێتی و گۆڕان بە 12 و 13% دێن. بەڵام لە حیزبە ئیسلامییەکاندا وەکو کۆمەڵی ئیسلامی [کۆمەڵی دادگەریی کوردستان] رێژەی دەنگەکانیان بۆ ئافرەت دەگاتە 5%، کە ئەمە لەڕاستیدا رێژەیەکی زۆر کەمە".
 
کۆمیسیۆن سیستەمی کۆتای لە 83 بازنەدا بۆ 83 ژن داناوە. ئەگەر لە بازنەیەکدا ژن بە دەنگی خۆیان سەربکەون، ئەوا لەو بازنەیەدا سیستەمی کۆتا نامێنێت. ئەمەش جیاوازە لە رابردوو کە ژنێک بە دەنگی خۆشی سەربکەوتایە ژنێکی دیکە بە کۆتا سەردەکەوت.
 
بەربژێرێکی ژن لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، دەنگنەدانی ژنان بە بەربژێرانی ژن دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە.
 
قومریە محەممەد، بەربژێری کۆمەڵ لە هەولێر دەڵێت، "ژنان نیوەی کۆمەڵگەن، دایکی نیوەکەی دیکەشن. کەواتە دایکی کۆمەڵگەن. خەمخۆرێکی راستەقینەی کۆمەڵگەکەی خۆیانن. هیوادارم دەنگدەران بە باشترین شێوە بتوانن لەم هەڵبژاردنەدا متمانەی خۆیان بە ژنان ببەخشن. بتوانن ئەو گۆڕانکارییە ئیجابییەی کە پێویستە لە کۆمەڵگەدا بیهێننە دی".
 
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە کۆی 982 بەربژێری ژنان، 162یان وەکو بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن و 820 بەربژێری دیکەش لەنێو هاوپەیمانی و لیست و قەوارەی حیزبەکاندان؛ تەمەنی بەربژێرە ژنەکانیش لە 20 بۆ 40 ساڵان دایە.
 
بڕیارە 10ی مانگی داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کورستان، هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.