وەزارەتی خوێندنی باڵا: 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024 راگەیاند. قوتابییانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، ئەوانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە ئەنجامەکانتان وەربگرنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند و گوتی، هاوشێوەی سێ ساڵی رابردوو، تەواوی خوێندکاران دەرفەتیییان پێدراوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان بخوێنن.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 47 هەزار 788 خوێندکار لە پۆلی 12 دەرچوون؛ 30 هەزار 661 قوتابیی بەشی زانستی، 15 هەزار و 716 قوتابیی بەشی وێژەیی، 159 قوتابیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1250 قوتابیی پیشەیی.
لەو ژمارەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، 37 هەزار و 290 قوتابی لە دەرچووانی 2023 داواکارییان پێشکێشکردووە؛ 2598 قوتابی دەرچووانی ساڵی 2022 بوون؛ 6882 قوتابی دیکەش ساڵانی پێشووتر دەرچوون و داواکارییان پێشکێشکردووە.
لە کۆی هەموو ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکێشکردووە؛ 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بەمشێوەیە: دەرچوانی ئەمساڵ، 36 هەزار و 92 خوێندکار وەرگیراون؛ دەرچوانی ساڵانی پێشووش شەش هەزار و 92 خوێندکار وەرگیراون. رێژەی وەرگرتنی قوتابییان بۆ ئەمساڵ ٪96.8 بووە. ئەو 3.2٪ی کە وەرنەگیراون، تەنیا 1198 قوتابین، "فۆڕمەکەیان بە هەڵە یان بەشەکانیان بە هەڵە دیاریکردووە."
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانیان هەیە 63 هەزار و 13 کورسی بۆ دەرچووان دابین بکەن و "دەرفەت بۆ سەرجەم دەرچووان رەخسێنراوە لە پەیمانگا و زانکۆ حکومەیەکان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کە داواکارییان بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێشکردووە، وەردەگیرێن.
لە 2ـی ئەیلوول بۆ 14ـی ئەیلوولی ئەمساڵ زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی کارا کرا و قوتابیان داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێشکرد.