رەحمان غەریب: کاری گوتەبێژی حکومەت نییە وانەی ئەخلاق بڵێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەڤانان، لەبارەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەمڕۆی گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند، "كاری گوتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشە و جیاكاری بەكاربهێنێت". رێکخەری سەنتەرەکەش دەڵێت: "کاری ئەو نییە کۆنفرانسی رۆژنامەگەری بکاتە پۆلێک بۆ گوتنەوەی وانەی ئەخلاقی رۆژنامەگەری."
سەنتەرەکە لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-9-2025، بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە پرسیاری پەیامنێری کەناڵێک داوە لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی تۆڕی میدیایی رووداوی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی گوتەبێژی حکومەت.
سەنتەرەکە دەڵێت: "لێدوانەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تۆڕی میدیایی رووداو و کەناڵ8، دەرخەری هەڵکشانی بەربەستەکانە لەبەردەم ئازادیی رۆژنامەگەری، گەیشتن بە زانیاری و بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و ئاکارەکانی میوانداریی میدیاکاراندا".
سەبارەت بە وەڵامی گوتەبێژەکە بۆ وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵەکە، سەنتەری میترۆ دەڵێت: "وەڵامەکەی هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو کەناڵانەی دیکە، ئەگەر بەپێی پێوەرە پیشەییەکانی گوتەبێژ رووماڵی هەواڵەکانی حکومەت نەکەن، کە لە پێشەوەیاندا کەناڵ8ـە. هەروەها جەختکردنەوەیە لەسەر بێنرخکردنی یاسای رۆژنامەگەری کە رێگە بە رۆژنامەڤان دەدات لە کۆنفرانس و چالاکییە گشتییەکاندا ئامادە بێت".
سەنتەری میترۆ هەروەها دەڵێت: "کاری گوتەبێژ نییە لە کۆنفرانسەکانیدا پۆستەکەی بۆ هەڕەشە و جیاکاری بەکاربهێنێت، ئەو رۆڵی کارئاسانیی هەیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی شەفاف و دوور لە جیاکاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و جیاوازیی بیروبۆچوون".
تۆڕی میدیایی رووداو بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە کرابوو، بەڵام کاتێک تیمی کەناڵەکە گەیشتوونەتە شوێنی کۆنفرانسەکە، رێگرییان لێ کراوە مایک دانێن. سەنتەری میترۆ دەڵێت، "ئەو رەفتارە نەک تەنیا بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەریدا، بەڵکو پێچەوانەی ئیتیکی میوانداریی میدیاکارانە و ئەو پرسیارەش دروست دەکات، ئەگەر رووداو بەپێی پێوەری پیشەیی گوتەبێژی حکومەت رووماڵ ناکات، بۆچی بانگهێشت دەکرێت؟ کاتێکیش بانگهێشت دەکرێت، بۆچی رێگەی پێنادرێت مایکەکەی دابنێت؟"
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم رەفتارانەی کە دژ بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادیی زانیاری و رۆژنامەگەرییە، وای کردووە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگرن".
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتیشی: "گوتەبێژ لەسەروو یاساوە نییە، کاری ئەو نییە کۆنفرانسی رۆژنامەگەری بکاتە پۆلێک بۆ گوتنەوەی وانەی ئەخلاقی رۆژنامەگەری".
ئەمڕۆ چوارشەممە، کەسێک بەناوی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵ هەشت، کە بۆچی رێگە بە رووداو نەدراوە ئامادەی ئەم پرێس کۆنفرانسە بێت، هێرشی کرد سەر رووداو و بەوە تۆمەتباری کرد، گوایە پیشەییانە کاری نەکردووە، هەروەها هەڕەشەی لە پەیامنێرەکە کرد، کە دەکرێ لە ئایندەدا رێگری لە ئەوانیش بکەن.