یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب و تەکنەلۆژیای زانیاری لە کەرکووک دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب و تەکنەلۆژیای زانیاری لە کەرکووک دەکرێتەوە و 8 رۆژ بەردەوام دەبێت.
د. واسف حەمدی شوەیکی، سەرۆکی لیژنەی رێکخەری پێشانگاکە، رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پێشانگەکە کاژێر 10ی بەیانی دەکرێتەوە نزیکەی 50 دەزگای وەشان لە پێشانگەکەدا بەشدار دەبن؛ 10 دەزگایان کوردین و ئەوانی دیکەش لە عێراق و وڵاتانی میسر، لوبنان، تورکیا، ئوردن، سعودیە، ئیمارات و سووریاوە بەشداری دەکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش شوێنێکیان لەنێو پێشانگاکەدا هەیە.
پێشانگەکە لە هۆڵی کۆشکی سپی لە کەرکووک دەکرێتەوە، لە رۆژانی پێشانگەکەدا چەندین چالاکیی رۆشنبیریی جۆراوجۆر، وەک کۆڕ و کۆبوونەوەی گفتوگۆئامێز ساز دەکرێن.
پێشانگەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و بە هاوئاهەنگیی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە پارێزگاکەدا دەکرێتەوە و لەلایەن وەزیری رۆشنبیریی عێراق و پارێزگای کەرکووک دەکرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی رێکخەری پێشانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بانگهێشتی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەورووپاش کرابوون، بەڵام بەهۆی پێشخستنی وادەی پێشانگاکە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە بۆ ئەیلوول، نەیانتوانیوە بەشداری بکەن.