ئاسایشی گەرمیان بۆ رووداو: سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژ دوای کوژرانی ئەکبەری حاجی رۆستەم، ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گەرمیان بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لەسەر کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم سێ کەس دەستگیرکراون، یەکێکیان بکوژەکەیە و دوو کەسەکەی دیکەش هاوکاری بوون."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی، "هەر سێ کەسەکە عەرەبن."
شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
دوای رووداوەکە، بکوژەکە بە ئۆتۆمبێلی کوژراو شوێنەکەی جێهێشتووە.
دوێنێ لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "لیژنەی هاوبەشمان پێکهێناوە. پۆلیسی کفری و هاوکارانمان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی کە براوە، لە رێگەی هەندێک ئامێرەوە خەریکین بۆئەوەی سەرەداومان دەستبکەوێت."
هەروەها جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، دەزگاکان هەندێک زانیارییان لەبەردەستدایە، بەڵام تاوەکو خۆیان ئاشکرای نەکەن، ئەو شتانەی باس دەکرێن، نافەرمین.