قایمقامی کفری: دوو کەس بە دەستڕێژی گوللـە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوپێش لە کفری دوو کەس بە دەستڕێژی گوللـە کوژران.
ساهیر عەلی گوتی: "ئەو دوو کوژراوە کوڕ و باوکن بە ناوەکانی ئەحمەد عەزیز حوسێن و عەزیز حوسێن، عەرەبن و لە قەزای کفری نیشتەجێ بوون."
ساهیر عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و بەدوای بکوژەکەدا دەگەڕێن."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
بە گوتەی قایمقامی کفری، تاوەکو ئێستا نازانرێ ئەم رووداوە پەیوەندی بە کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم هەیە یان نا و "لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ."
ساهیر عەلی دەڵێت: "ئەمڕۆ دوو کەس لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەستگیرکراون."