یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت رووفاتی زیاتر لە 75 ژنی کوردی ئێزدی تێدابێت. ئەوەش یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدییە کە هەڵدەدرێتەوە.
رێوڕەسمێک بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بەڕێوەدەچێت و لە سبەی یەکشەممەوە دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژنانەی لەو گۆڕەدا بەکۆمەڵ نێژراون، هەموویان تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵانەوە بووە و خەڵکی گوندی کۆجۆن.
لە رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری دەستەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی تاوانی شنگال لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیان ئامادەن.
ژنێک کە خۆی خەڵکی کۆجۆیە و لەگەڵ ئەو کۆمەڵە ژنە بووە کە ئێستا رووفاتەکانیان دەردەهێندرێتەوە و لەلایەن داعش کوژران، بە رووداوی گوت، "دایک و خەسووی منی تێدایە.. ئەوانیش پیر نەبوون، زۆربەیان لە تەمەنی ئێمەدابوون".
بە گوتەی ئەو ژنە، کاتێک چەکدارانی داعش دەستگیریان کردوون، لەگەڵ پیاوەکان جیایان کردوونەتەوە و "ژنەکان بە جیا و پیاوەکان بە جیا کوژراون". کەسوکاری ئەو قوربانییانە داواشدەکەن، بە زووترین کات ناسینەوە بۆ رووفاتەکان بکرێت "تاوەکو بزانین گۆڕەکانیان لە کوێن و سەردانیان بکەین".