کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بێ تانە دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ تانەیەک لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک نەدراوە لەو ماوەیەى کە بۆ تانەدان دیاریکراوە. دەشڵێت: "80 هەزار دەنگدەرى نوێ ناویان تۆمارکردووە".
رۆژی 23ى تشرینى یەکەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەى کە بۆ تانەدان لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک دیاریکراوە، هیچ تانەیەک پێشکێش نەکراوە.
عیماد جەمیل گوتی: "لە قۆناخى نوێکردنەوەی تۆمارى دەنگدەراندا، 80 هەزار دەنگدەرى نوێ لە کەرکووک ناوى خۆیان تۆمارکردووە و ئەوانەش کە ناویان لە تۆمارەکە نەبوو، ناویان زیادکراوە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق."
یەکەم جارە لە دواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت؛ یەکەم جاریشه لە دواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، بازرگانى، داد، پلاندانان، لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق پێکهێندراوە بۆ وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى شارەکە.
عیماد جەمیل ئاماژەى بەوەدا، کارەکانى ئەو لیژنەیەى کەرکووک بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر تۆمارى دەنگدەران نەبووە.