سوودانی: ئەم مانگە و مانگی داهاتووش مووچە دەنێردرێت

 

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەو شێوەیە بەردەوام دەبن کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24-10-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەغدا کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا ئامادە بوو، لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات، رایگەیاند، بەو شێوەیە بەردەوام دەبن کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە مانگی 12ـی ئەم ساڵیشدا پاکتاوی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و شایستەی هەرێمی کوردستان چەندە.
 
لەبارەی هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق و تورکیا ئامادەباشیی خۆیان دەربڕیوە و ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام "کێشەی کۆمپانیاکان هەیە؛ ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دوای چارەسەرکردنی کێشەکان بە 30 رۆژ، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە".
 
14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، سێ قەرزی 700 ملیارییەکە بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان سێ پشکەکە بۆ مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلوول بەکاردەهێنن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک پشکی ئەو 700 ملیارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و لەگەڵ داهاتی نێوخۆدا دراوە بە مووچەی مانگی تەممووز. هێشتا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەغدا 700 ملیاری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.