فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا بەڕێوەدەچێت؛ "خەڵک لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارە"
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد. رێکخەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە خەڵک بەشدارە و ئامانج لێی دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 24-10-2025 سێیەم فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا لە دهۆک دەستیپێکرد، کە بڕیارە 5 رۆژ بەردەوام بێت.
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی دیار، جووتیار، هونەرمەند و باخەوانی ناوچەکە گفتوگۆی کرد.
''چەندین بڕگەی هونەری پێشکێش دەکرێن''
کامەران هرووری، ئەندامی دەستەی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە قسەی بۆ نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، جگە لە بەرهەمەکانی بەرواری باڵا، لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستانیشەوە بەرهەمی خۆماڵی وەک هەنگوین، پەنیر، تەحین و برنج، دەهێندرێنە فێستیڤاڵەکە.
کامەران هرووری ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئەمڕۆ چەندین بڕگەی هونەری بە بەشداریی گرووپی هونەریی دهۆک، گرووپی هونەریی قامشلۆ، هونەرمەندان چۆپی فەتاح، حەسەن شەریف و ساڵح کۆچەر پێشکێش دەکرێن.
پار فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا دوو رۆژی خایاند. ئەو ئەندامەی دەستەی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، ''ماوەکەی کراوەتە 5 رۆژ بۆ ئەوەی جووتیار و باخەوانان زیاتر سوودمەند بن.''
باخەوانێک سەبارەت بە هەبوونی ''هەناری رەش'' لە ناوچەکە قسەی بۆ شەهیان تەحسین کرد و گوتی، ''لە کۆنەوە هەناری رەش لە دەڤەرەکە هەیە، شیرینە و دەرمانە بۆ کۆرۆرنا.''
باخەوانێکی دیکەی خەڵکی گوندێکی بەرواری باڵا کە باخی سێو و هەناری هەیە، بە رووداوی گوت، ''لە ساڵی 1992ـوە لەم گوندە دەژیم. لە شەڕی پەکەکە و تورکیادا ناخۆشیی زۆرمان بینی. چەندین جار دەوروبەری گوندەکەمان بۆردوومان کرا، بەڵام چۆڵمان نەکرد.''
''ئامانج لە فێستیڤاڵەکە دۆزینەوەی بازاڕە''
فەهمی سەلمان، رێکخەری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواری باڵا میوانی رووداو بوو و رایگەیاند، ''پێویستە خەڵکی کوردستان و حکومەت گرنگیی زیاتر بە کشتوکاڵ بدەن، چونکە کشتوکاڵ بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەییمان، واتە نابێت بۆ دابینکردنی خۆراک پێویستمان بە وڵاتانی دەوروبەر بێت.''
رێکخەری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواری باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ساخکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، ژمارەیەک چالاکیی گەشتیاریش لە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچن، لەوانەش ئەسپسواری، نیگارکێشی و چالاکیی هونەریی دیکە.
فەهمی سەلمان گوتی، سەرجەم بەرهەمە خۆماڵییەکان نەوەک تەنیا لە بەرواری باڵا، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیشەوە بۆ نمایشکردن هێندراون و لە هەر چوار پارچەی کوردستانیشەوە خەڵک بەشدارە.
وەک رێکخەری فێستیڤاڵەکە گوتی، ''سێو شوناسی دەڤەری بەرواری باڵایە و بووەتە لۆگۆی فێستیڤاڵەکەش، ئەگەر نا، هەموو جۆرە بەرهەمێکی خۆماڵی لەم پێنج رۆژەدا نمایش دەکرێت.''
فەهمی سەلمان باس لە ئامانجی فێستیڤاڵەکەش دەکات و دەڵێت، ''یەکێک لە ئامانجەکان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکانمان. پێشبینی دەکەم ئەم ساڵ بەراورد بە پار، ژمارەی سەردانیکاران زیاتر بێت.''
''داشکاندن بۆ نرخی بەرهەمەکان کراوە''
جووتیارێکی ئاکرێ پێنج جۆر برنجی بردوەتە فێستیڤاڵەکە و بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''سەرەڕای ئەوەی یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەیە، کڕیاری باش هەن. ئێمەش داشکاندنی باشمان کردووە و نرخ گونجاوە.''
هەر لەنێو فێستیڤاڵەکەدا، نەجیبە نەجیب، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق میوانی رووماڵەکەی شەهیان تەحسین بوو و رایگەیاند، ''فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواری باڵا فێستیڤاڵێکی کوردستانییە و پێم وایە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە تێیدا بەشدار دەبن.''
نەجیبە نەجیب لەبارەی گرنگیی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''پەیامێکە بۆ هەموو لایەک کە ئێمە خاوەنی بەرهەمێکی زۆری خۆماڵین و لەسەر ئاستی جیهان باشترینن.''
ئەو بەربژێرەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتی، ''پێویستە پێچەوانەی رابردوو کە زیاتر پشت بە نەوت دەبەسترا، ئێستا سەرنجێکی زیاتر بخرێتە سەر کشتوکاڵ و داهاتی بەرهەمە خۆماڵییەکان.''
بەرواری باڵا ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵییە لە باکووری پارێزگای دهۆک کە بە سێو، هەنار، هەنگوین و ترێ بەناوبانگە.