زیاتر لە 800 پۆلیس لە کەرکووک لە شوێنی کارکردنیان دەگوازرێنەوە؛ "بەشی زۆریان کوردن"
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 800 ئەفسەر و پۆلیس لە فەرماندەیی پۆلیس و بنکە و بەشەکانی شارەکە شوێنەکانیان دەگوازرێتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "ئامانجمانە ژمارەی پۆلیس لە شەقامەکان زیاتر بکرێت."
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ هەینی 24-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیار دراوە شوێنی کارکردنی زیاتر لە 800 پۆلیس بگوازرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارێک بۆ زیادکردنی پۆلیس لە شەقامەکانی کەرکووک.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، ئامانج لە بڕیارەکە، جێگرتنەوەی سوپایە لەلایەن پۆلیسی کەرکووکەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی گواستنەوەی ئەفسەر و پۆلیسەکانی کەرکووکی دەرکردووە بۆ سەر هێزی تەکنیکی، ئامادە و فریاکەوتن، کە هەر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی کەرکووکە.
بەپێی ئەو لیستەی دەست رووداو کەوتووە، زیاتر لە %80ی ئەوانەی فەرمانەکە دەیانگرێتەوە، کوردن.
ژمارەیەک لەو پۆلیسانەی ئەرکەکەیان گوێزراوەتەوە، بە گومانەوە لەبارەی رووداوەکە قسەیان بۆ رووداو کرد و گوتیان، "ئامانج لە گواستنەوەکە کەمکردنەوەی کوردە لەنێو فەرماندەیی پۆلیس و بەش و بنکە کاریگەرەکانی نێو شاری کەرکووک."
ئەو هاونیشتمانییانە کە داوایانکرد ناویان نەهێندرێ، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، گواستنەوەکە بۆ "پەراوێزخستنی کوردە لە پۆلیسی کەرکووک و ناردنمانە بۆ شوێنە لاوەکییەکان."
عامر نووری رەتیکردەوە، بڕیارەکە بۆ بەئامانجگرتنی هیچ نەتەوەیەکی کەرکووک بێ و گوتی: "هەموو نەتەوەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە."