لە سلێمانی کەسێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا و 5ـی دیکەش بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سلێمانی، ماتۆڕێکی سێ تایە و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندا دا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی بووە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە رووداوی گوت، "شەش کەس لە رووداوەکەدا بوون. کەسێک گیانی لەدەستداوە و  پێنجەکەی دیکە بریندارن، کە چواریان منداڵن."

ڤیدیۆی ساتی رووداوەکە لەلایەن بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆر لە ماتۆڕە سێ تایەکە دەدات.
 
 
بەپێی زانیارییەکانی نزار جەزا، پەیامنێری رووداو، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری رەینج رۆڤەرە، ئۆتۆمبێلەکە و شوێنی رووداوەکەی جێهێشتووە.

بە گوتەی شایەتحاڵێک، کە قسەی بۆ رووداو کرد، "شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە منداڵێک بووە و بەهۆی تیژڕۆییەوە لە ماتۆڕە سێ تایەکەی داوە، ماتۆڕەکەش موخالف بووە."