پاراستنی ژینگەی ئیلام بۆ راوچییەکان: دەستبەسەر و سزا دەدرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەداتە راوچییەکان لەو پارێزگایە و دەڵێت، دەستبەسەریان دەکات و دەیانداتە دادگە.
 
عەلیڕەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ئیلام رایگەیاند، دەستیان بە دەستبەسەرکردنی راوچییەکان کردووە و لەم هەفتەیەدا 17 راوچییان دەستبەسەرکردووە و دەستیشیان بەسەر چەندین پارچە چەکی راو و کەلاکی دەیان باڵندەی کێویدا گرتووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ئیلام دەڵێت، ئەو راوچییانەی دەستبەسەر دەکرێن، دەدرێنە دادگە و بەپێی بەڵگەی کارە نایاساییەکەیان داوای سزادانیان دەکرێت.
 
642 هەزار هێکتار لە رووبەری پارێزگای ئیلام دارستانە و بەپێی راپۆرتی پاراستنی ژینگەی ئیلام، 200  جۆر باڵندە و 43 جۆر ئاژەڵی شیردەر و 24 جۆر ئاژەڵی خشۆکی کێوی لەو پارێزگایە هەن.