تۆڕی شەمس: نزیکەی 100 کەس بەهۆی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیێنێت، کڕین و فرۆشتنی دەنگ لە عێراق "زۆر بڵاوە"، تائێستا نزیکەی 100 کەس بەو هۆیەوە دەستگیرکراون، رێکخەری تۆڕەکە دەڵێت تاوەکو ئێستا 1,110 پێشێلکارییان تۆمار کردووە.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، یەکەم جارە لە عێراق دیاردەی کڕینی دەنگ هێندە زۆر بێت، دەشڵێت، بەربژێر یان لایەنی سیاسی، لە بەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەک، دەنگ و کارتی دەنگدان لە هاووڵاتییان دەکڕن.
 
کۆمیسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کەس ناتوانێت لە جیاتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات، هۆگر چەتۆ دەڵێت: "راستە نازانرێت دەنگدەر دەنگی بە چ بەربژێرێک داوە، بەڵام ئەو لایەنەی دەنگ دەکڕێت لە رێگەی چەند هەنگاوێکەوە و بە وەرگرتنی وێنەی کارتی دەنگدەر و زانینی ئەو وێستگەیەی کە بڕیارە دەنگی لێبدات، دەزانێت ئاخۆ دەنگ بە لایەنەکەی دراوە یاخود نا".
 
بە گوتەی هۆگر چەتۆ تاوەکو ئێستا 46 کەس کە کارتی دەنگدانیان کڕیوە لە لایەن ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکراون و 50 کەسی دیکەش هەر بەو هۆیەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق دەستبەسەر کراون.
 
1,110 پێشێلکاریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراون
 
سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لە کاتی بانگەشەدا، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان گوتی: "زۆرترین پێشێلکاری لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، هەولێر، نەینەوا و سلێمانی تۆمارکراون کە زیاتر لە 100 پێشێلکارییە بۆ هەر پارێزگایەک".
 
هۆگر چەتۆ دەشڵێت: "پارێزگاکانی کەرکووک، زیقار، ئەنبار، دیالە، بابل، واست و میسان لە پلەی دووەم دێن کە لە نێوان 50 تاوەکو 100 پێشێلکاریی تێیاندا تۆمارکراوە''.
 
بەگوێرەی رێکخەری تۆڕی شەمس، لە پلەی سێیەم پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دهۆک و پارێزگاکانی دیکە دێن، کە کەمتر لە 50 پێشێلکارییان تێدا تۆمار کراوە.
 
لەبارەی شێواز و وردەکاریی پێشێلکارییەکان، رێکخەری تۆڕی شەمس دەڵێ: "بەکارهێنانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ بانگەشە لە پلەی یەکەم دێت، بەدوای ئەویشدا دەستدرێژیکردنە سەر هەڵمەتی بانگەشەی لایەنەکانی دیکە وەکو دڕاندن و لابردنی پۆستەر و ئاڵای حیزبەکان، گوتاری توند و زمانی زبر و ناوزڕاندنیش لە سۆشیاڵ میدیا، بەشێکن لەو پێشێلکارییانەی تۆمار کراون".
 
بڕیارە لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت و زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێریش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی.