وەزارەتی کارەبا: بەهۆی چاکسازیی لە وێستگەکانی خەبات و هاتنی سەرماوە کاژێرەکانی کارەبا کەم بوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەهۆی پڕۆسەی چاکسازییەوە لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات 300 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە؛ هەروەها بەهۆی هاتنی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە و ئەو دوو هۆکارەش وایکردووە، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەم ببنەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی پڕۆسەی چاکسازی لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات، 300 مێگاوات کارەبا لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە کەم بووەتەوە؛ تا كۆتایی مانگ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و وێستگەکە دەکەوێتەوە کار و پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاکسازییەکە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە و ماوەی چەند رۆژێکە پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە".
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە 10 کاژێر دادەبەزن؛ ئەوەی پێویستی هاونیشتمانیان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.