کاراکردنەوەی پەرلەمان و کابینەی دەیەم؛ گفتوگۆکان بەکوێ گەیشتوون؟

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. یەکێتی ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەردەبرێ و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستاش هەمان مەرجمان هەیە کە دەبێت شەریک بین نەوەک تەنیا بەشدار." یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان باس لەوە دەکات، ئەگەر پارتی و یەکێتی پێکەوە پەرلەمان کارابکەن، ئەوان "پشتگیر دەبن"، نەوەی نوێش چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکەکەیانە لە زیندانەوە.
 
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی 10ـی حکومەت پێکنەهێندراوە و کارەکانی پەرلەمان وەستاون.
 
پارتی: دەتوانین بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین
 
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەمانگوتووە حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام دەتوانین بەبێ یەکێتی و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەو کارە بکەین . ئەگەر یەکێتی نەیەتە پێشەوە، حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام پێمان وایە یەکێتی دێتە پێشەوە."
 
بە گوتەی ئاراس حەسۆ میرخان، پارتی قسەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکە کردووە و ئامادەن بەشداریی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن. ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، "نەوەی نوێ گوتوویەتی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. بەڵام ئێمە تاوەکو کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەکەین، وردەکارییەکان نادەینە دەرەوە، تاوەکو لەگەڵ یەکێتیش دانوستاندن نەکەین و لێی بێهیوا نەبین، هیچ شتێک ناکەین."
 
پێکنەهێنانی حکومەت ئەو ئەگەرەی دروستکردووە کە دەکرێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارەبکرێتەوە. 
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا رۆژی 19-11-2025 لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا نەکرێتەوە، ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە."
 
یەکێتی: هەڵبژاردنی عێراق هیچی لای ئێمە نەگۆڕیوە؛ هەمان داواکاریی پێشوومان هەیە
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەین بۆ گفتوگۆ، بەڵام هەڵبژاردنی عێراق هیچی لای ئێمە نەگۆڕیوە؛ هەمان دۆخە لامان و هەمان داواکاریی پێشوومان هەیە، کە دەبێت بەشداریی راستەقینە بین لە کۆی جومگە هەستیارەکانی حوکمڕانی."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، "یەکێتی لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق زۆر سەرکەوتوو بووە؛ دەنگی یەکێتی دیارە."
 
دوێنێ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە گوتی، "تاوەکو گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی لە گفتوگۆ بەردەوام بووین، ئێستا بانگەشە تەواو بووە، هەڵبژاردن کراوە. ئێمە وەکو یەکێتی ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی لەپێناو پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەت."
 
قوباد تاڵەبانی هەروەها گوتی، "پێم وانییە حکومەتێکی سەرکەوتوو بەبێ یەکێتی پێکبهێندرێت."
 
یەکگرتوو: پارتی و یەکێتی پێکەوە پەرلەمان کارا بکەنەوە؛ پشتیوانیی هەنگاوەکە دەکەین
 
سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پێمان وایە دەبێ پارتی و یەکێتی پێکەوە پەرلەمان کارا بکەنەوە و رێکبکەون بۆ ئەوەی کێشەکان گەورەتر نەبن. ئێمەش پشتیوانیی ئەو هەنگاوەیان دەکەین. ئەگەر هەردوولا پێکەوە ئەو کارە نەکەن، ئەوە بەلای ئێمەوە باش نابێت، چونکە پێویستە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت."
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوو گوتی، "بەشداریی پێکهێنانی حکومەت ناکەین؛ تەنیا پشتیوان دەبین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان."
 
نەوەی نوێ: "خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە"
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان 15 کورسی هەیە.
 
بەرپرسێکی نەوەی نوێ لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی لە حکومەت بە رووداوی گوت: "هێشتا خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە، بڕیاری کۆتاییمان نەداوە و سەرۆکی جووڵانەوەکە بڕیار دەدات، بەڵام ئەوە دەکەین کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بێت."
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوون. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.