لە زاخۆ یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ بۆ یەکەمجار پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەکرێتەوە و شەش رۆژ بەردەوام دەبێت؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی زاخۆش دەڵێت، "60 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە لە نێوخۆ و دەرەوە، بەشداریی تێدا دەکەن."
رۆژی دووشەممە، 24ی 11ی 2025، شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە رووداوی گوت: "بڕیارە بۆ یەکەمینجار لە رۆژی 1/12/2025 تاوەکو 6/12/2025 پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆ بۆ کتێب بکرێتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەمە یەکەم جارە پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کتێب لە سنووری دەڤەری بادینان بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی کات و شوێنی پێشانگەکەوە، شڤان عەبدی گوتی، "رۆژانە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 18:00ی ئێوارە کراوەیە؛ پێشانگەکە لەنێو هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆ لە زانکۆی زاخۆ بەڕێوەدەچێت."
شڤان عەبدی دەڵێت، پێشانگەکە بە هەزاران ناونیشان لەخۆ دەگرێت و زیاتر لە 60 وەشانخانە لە نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەشداری تێدا دەکەن.
دەزگەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارن؛ شڤان عەبدی روونیکردەوە کە "هاوکات لە وڵاتانی دەرەوەش، تورکیا، ئێران، ئوردن، لوبنان، سعودیە، میسر، کوەیت، سووریا، مەغریب و ئیمارات بەشدار دەبن."
هەر بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ناوەندە رۆشنبیری، چاپ و بڵاوکردنەوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش لە زاخۆ کتێبەکانیان نمایش دەکەن.
شڤان عەبدی ئاماژەی دا، تایبەتمەندییەکی پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆ بۆ کتێب ئەوەیە، بنکەی لالشی رۆشنبیری و وەشانخانەیەکی تایبەت بە مەسیحییەکان بەشدارن؛ هاوکات رۆژانە ژمارەیەک کۆڕ و سیمینار بەڕێوەدەچن.
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، "کۆڕ و سیمینارەکان رۆشنبیری و هونەری دەبن؛ هاوکات رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێبیش بۆ نووسەران و وەرگێڕان ساز دەکرێت."