نێچیرڤان بارزانی: دوای 79 ساڵ هێشتا پارتی بەهێزترین حیزبە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، لە ھەولێر لەگەڵ قوتابیانی خولی بیستەم و بەرپرس و دەستەی کارگێڕی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووەوە و رایگەیاند، دوای 79 ساڵ، "هێشتا پارتی بەهێزترین و گەورەترین حیزبە."
بەگوێرەی ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە قوتابیان کرد بۆ وەرگرتنیان لە پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران. ھەروەھا رۆڵی پەیمانگەی بەرز نرخاند کە وەک یەکێک لە دامەزراوە رەسەن و گرنگەکانی پارتی، ھەر لە سەردەمی شۆڕشەوە، تا ئەمڕۆ لە ھەموو دۆخێکدا بەردەوام کادیرانی پێگەیاندووە.
نێچیرڤان بارزانی "باسی لە گرنگیی رۆڵی کادیران کرد کە نوێنەر و سیمای پارتین لەناو خەڵک و جەماوەردا، لەناو حزب و رێکخستنەکانیشدا داینەمۆی کاری پارتیەتی و ژیانی رێکخستنن. لەمبارەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کادیران بەردەوام خۆیان لەگەڵ بیر و پێشکەوتنەکانی سەردەمدا نوێ بکەنەوە و پابەندی دیسپلینی حزبی بن."
جێگری سەرۆکی پارتی "دووپاتی کردەوە کە زۆر دۆخ و رۆژگاری سەخت رووبەڕووی پارتی بوونەتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە (79) ساڵ ھێشتا بەھێزترین و گەورەترین حیزبە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە حزبێکی زیندووە. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە پارتی بە دڵسۆزان و کادیرانی بە توانا، ھەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و پێشدەکەوێت."