بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون: بۆ قیڕکردنی گەڕەکەکان پێویستمان بە 1.3 ملیار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی ناحیەی پیرەمەگروون لەبارەی قیرنەکردنی کۆڵانەکانیان نیگەرانن؛ بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکانیان راگیراون، ئەگەرنا 100٪ـی کارەکانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ لە سنوورەکە تەواو بوون.
بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، زیاتر لە 70٪ـی گەڕەکەکانی ناحیەکە خزمەتگوزاریی قیر و دروستکردنی شۆستەیان بۆ کراوە، بەڵام ئەو 30٪ـی ماوەتەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و راگیرانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە بووە.
سەبارەت بە تێچووی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت: "دەرخستەی قیرکردن و شۆستەی ئەو سێ گەڕەکەی ماون ئامادەیە، بەڵام پێویستی بە نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینارە، بۆیە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت."
سەرەڕای کێشەی قیرکردن، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون جەخت لەوە دەکاتەوە، لە رووی خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە کێشەیان نییە و گوتی: "پڕۆژەکانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ 100٪ تەواو بوون، هەروەها لەڕووی دابەشکردنی ئاو و کارەباوە ناحیەکە هیچ گرفتێکی نییە."
لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون 46 گوند هەن؛ سەبارەت بە دۆخی گوندەکانیش بەکر عەبدولکەریم گوتی، رێگەی بەشێک لە گوندەکان پێش قەیرانی دارایی و بەشێکیشیان لە دوو سێ ساڵی رابردوودا قیر کراون، بەڵام هێشتا گوند ماوە رێگەکەی قیر نەکرابێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم گوندەکانی سنوورەکە تۆڕی کارەبای نیشتمانییان پێگەیشتووە و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ ئەوەیە سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ناحیەکە بەردەوام بن.