قایمقامی سۆران: هەوڵدەدەین ساڵی داهاتوو کۆتایی بە دابەشکردنی ئاو بە تانکەر بهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گوندێک لە سنووری قەزای سۆران لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان نیگەرانن و دەڵێن، بەدەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنن. قایمقامی سۆرانیش دەڵێت، بەهۆی هاتنی زستان و نەبوونی نەختینە پڕۆژەکان دواکەوتوون، بەڵام بۆ "ساڵی داهاتوو پلانمان هەیە کۆتایی بە دابەشکردنی ئاو بە تانکەر بهێنین."
 
نزیکەی 200 ماڵ لە گوندی سیتکان لە سنووری قەزای سۆران هەن؛ دانیشتووانەکەی داوای چاککردنی رێگەوبان و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە دەکەن، کە تاوەکو ئێستا لەڕێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت.
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران لەبارەی داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "ئەم ساڵ هەندێک کاری تێکەڵەڕێژ و چاککردنی شەقامە نێوخۆییەکان بۆ گوندەکە کراوە، بەڵام زۆرینەی پڕۆژەکان بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرماوە دەوەستن."
 
سەبارەت بە قیرکردنی رێگەی گوندەکە، قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، دەرخستەی پێویست بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی سەرەکی و ناوخۆیی گوندەکە ئامادەکراوە، بەڵام "بەهۆی گرفتی نەختینە و هاتنی زستانەوە جێبەجێکردنەکەی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."
 
کێشەی سەرەکیی دانیشتووانی سیتکان نەبوونی تۆڕی ئاوە. لەوبارەیەوە رەجەب زوبێر گوتی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران سەرقاڵی پێداچوونەوەن بۆ ئەوەی دەرخستەی پڕۆژەی ئاوی گوندەکە پێشکێش بکەن.
 
قایمقامی سۆران جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە پرۆژەی ئاو بۆ ئەو شوێنانە جێبەجێ بکەن کە پێویستیانە و گوتی: "هەوڵدەدەین لە ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو بە تانکە بهێنین."