کوێستان محەممەد: نابێ مووچەی ژینگەپارێزان کەمتر لە 450 هەزار دینار بێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، کۆمپانیاکان لەکاتی پاکتاوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دا فێڵ لە وەزارەتەکە دەکەن و دەڵێن مانگانە 450 هەزار دینار بە کرێکاران دەدەن، لەکاتێکدا بڕەکە زۆر لەوە کەمترە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''زیاتر لە دوو هێندەی توانای چاکسازییەکان سزادراومان هەن''.

دووشەممە 24-11-2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمیی مووچەی ژینگەپارێزان وەڵامی پرسیارەکانی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە رانیە دایەوە.
 
بەپێی یاسای کاری بەرکار لە هەرێمی کوردستان، نابێ مووچەی ژینگەپارێزان لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت. بەڵام تائێستا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و مووچەکەیان  لەو بڕە پارەیە کەمترە. کوێستان محەممەد رایگەیاند، ''کۆمەڵێک وەزارەت هەن کە کۆمپانیای پاککەرەوە و دروستکردنی خۆراک و چەندین کۆمپانیای دیکە لەژێر دەسەڵات و چاودێریی ئەواندا کار دەکەن، لەوانەش وەزارەتی شارەوانی، تەندروستی، خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆ.''
 
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە وەزارەت بەدواداچوونیان کردووە و ئاگادارن کە بەشێک لە کرێکاران زۆر لەو پارەیە کەمتریان پێدەدرێت، کە بۆیان دیاریکراوە و بەشێکیشیان هەر دەستەبەر ناکرێن؛ ''ئەگەر دەستەبەریشیان بکەن پشکی کرێکارەکە و کۆمپانیاکە هەر لە مووچەی کرێکار گلدەدرێتەوە.''
 
کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لەوبارەوە رێکاریان گرتووەتەبەر و نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی گشتاندنی بڕیارەکانی دیاریکردنی بڕی مووچەی کرێکاران بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکات، ''جارێکیش خۆمان نووسراومان بۆ سەرجەم وەزارەتەکان ناردووە.''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، وەک رێکارێکی دیکە بۆ بەرگریکردن لە مافی کرێکاران و بەتایبەتی ژینگەپارێزان، ''لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی پاکتاوی دەستەبەر نادەینە کۆمپانیاکان، تاوەکو ئەو کاتەی مووچەی کرێکارانیان ئەو بڕە نەبێ کە حکومەت بڕیاری لەسەر داوە.''
 
کوێستان محەممەد گوتیشی، سەرەڕای تووندکردنی رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ''بەداخەوە [بەشێک لە] خاوەن کۆمپانیاکان بە ئێمە دەڵێن مانگانە 450 هەزار دینار دەدەنە کرێکاران، بەڵام راستیەکەی 270 هەزار دیناری پێدەدات. ئەمە دەبێ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان چاودێریی ئەو کرێکارانە بکەن.''
 
بەشێک لە ژینگەپارێزانیش مانگانە کەمتر لەو بڕە پارەیە مووچە وەردەگرن، کە بۆیان دیاریکراوە و بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەیان ناکات. کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەکاتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، ئەوە دەستنیشان بکەن کە هەر کرێکارێک نابێ لە 450 هەزار دینار کەمتری پێبدرێت.''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەوەش کردەوە، ''ئێمەش لە وەزارەت کاتێک کۆمپانیاکان داوای پاکتاوی دەستەبەری کرێکارانیان دەکەن، سەیری تۆماری مووچەکانیان دەکەین، بە هیچ شێوەیەک نابێ لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت. بەڵام وەک گوتم، [کۆمپانیاکان] فێڵ لە حکومەت دەکەن.''
 
وەک کوێستان محەممەد دەڵێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەت، مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێکی ناکارامە 275 هەزار دینار بووە، ''بەڵام لە دوو ساڵی سەرەتای کارکردنماندا کردمان بە 300 هەزار و دواتر 350 هەزار دینار. ئێستاش بڕیارمان داوە و بووەتە 450 هەزار دینار.''
 
زیاتر لە 100 هەزار کرێکار لە سەندیکای کرێکاران تۆمارکراون. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، هەردوو ساڵ جارێک، لیژنەیەکی راوێژکاری نرخی بازاڕ هەڵدەسەنگێنن، بۆ ئەوەی بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکە بڕی مووچەی کرێکارانی ناکارامە دیاری بکرێ.
 
کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامانی لیژنەکە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەی بازاڕ دەخەنە بەردەم وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەویش پەسندی دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆکی حکومەت.
 
''زیاتر لە دوو هێندەی توانای چاکسازییەکان سزادراومان هەن''
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە قەرەباڵخیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''هەر کامەیان بۆ راگرتنی 990 کەس دروست کراون، بەڵام ئێستا دوو هێندە و زیاتریشیان سزادراو تێدایە.''
 
کوێستان محەممەد بۆ چارەسەرکردنی گرفتی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان باسی لەوە کرد، دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم سەرۆکی حکومەت؛ ''یەکەم چاکسازییەکی گەورەی پێنج هەزار کەسی دروست بکرێت کە بەڕێزیان پێشنیازەکەی پەسند کردووە و زەویمان وەرگرتووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە 50 ملیۆن دۆلارە، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە زەحمەتە ئێستا جێبەجێ بکرێت.''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی پێشنیازی دووەمیان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان دەڵێت: ''پێشنیازمان کرد لێبووردنی گشتی دەربچێت، بەڕێزیان (سەرۆکی حکومەت) لیژنەیەکی باڵای دروست کرد، پڕۆژەیاساکە ئامادە کرا. ئێستا دوو پڕۆژە یاسا لەوبارەوە ئامادەن، یەکەمیان پڕۆژەیاساکەی حکومەت و دووەمیان پڕۆژەیاسای 10 پەرلەمانتاری خولی پێشوو، دەکرێ لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەماندا هەردوو پڕۆژەیاساکە یەکبخرێن و دواتر بکرێنە یاسای لێبووردنی گشتی."
 
سێ چاکسازیی گەوران لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکن. ئەوەش جیا لە سێ چاکسازیی ژنان و منداڵانیش، کە لە هەر سێ شارەکە هەن.