راوێژکارێکی وەزارەتی کار: دەبێت کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە 450 هەزار دینار بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، بەپێی بڕیارێکی نوێ، کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە لە هەرێمی کوردستان بە 450 هەزار دینار دیاریکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کۆمپانیایانەی هێشتا پابەند نین، لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان لە سەری ساڵدا، دەبێت پابەندی بڕیارەکە بن.
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو؛ هۆگر عەلی، راوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تیشکی خستە سەر دۆخی ژینگەپارێزان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە بەپێی یاسا بە 450 هەزار دینار دیاریکراوە.
 
بە گوتەی هۆگر عەلی، "بەپێی بڕیاری لیژنەیەک کە پشتبەست بە یاسای کار پێکدێ، کەمترین مووچە بە شێوەیەکی دەوری دیاری دەکرێ. دوای ئەوەی لە قۆناخەکانی پێشوودا لە 275 هەزارەوە بۆ 325 هەزار بەرزکرایەوە، دواجار لە مانگی نۆدا بڕیاردرا کە کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە (ئەو کەسەی بڕوانامە و ئەزموونی نییە) نابێت لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت."
 
سەبارەت بە هۆکاری پابەندنەبوونی هەندێک کۆمپانیا بەو بڕە، هۆگر عەلی گوتی، "هەندێک کۆمپانیای ژینگەپارێزی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتدا هەبوو کە پێش دەرچوونی بڕیارەکە واژۆ کرابوو، بۆیە مووچەیان 350 هەزار دینارە. بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکانیان لە سەری ساڵدا، ئەوانیش دەبێت پابەند بن و مووچە بکەنە 450 هەزار دینار."
 
هۆگر عەلی گوتی، 450 هەزار دینار "کەمترین" مووچەیە و ناکرێت کرێکارێک کە چەندین ساڵ ئەزموونی هەیە یان کارەکەی قورسترە، هەمان مووچەی کرێکارێکی نوێی هەبێت و دەبێت کۆمپانیاکان ئیمتیازیان بۆ دابنێن.
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کار سوپاسی میدیاکانی کرد بۆ باسکردنی ئەم بابەتانە و گوتی، "ئێمە بە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانمانەوە ناتوانین 100% چاودێریی هەموو پرۆژەکان بکەین. بۆیە پێویستمان بە هاوکاریی میدیا و کرێکارانە کە دەستبەرداری مافەکانیان نەبن. هەرکات پێشێلکارییەک کرا، دەتوانن لە رێگەی هێڵی گەرمی وەزارەت (5500) یان فەرمانگەکانمان لە پارێزگاکان ئاگادارمان بکەنەوە."
 
هەروەها داوای لە کرێکاران کرد پەیوەندی بە لقەکانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانەوە بکەن کە "پارێزەری خۆبەخش و لیژنەی تایبەتیان هەیە و بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکەن."
 
هۆگر عەلی رێنمایی کرێکاران دەکات و دەڵێت، "داوا دەکەم کاتێک دەست بەکار دەبن، داوای گرێبەستی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی (زەمان) بکەن. ئەمە وا دەکات ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژمار بکرێ، تەنانەت ئەگەر لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا شوێنی کار بگۆڕن. گرنگترین شت ئەوەیە ئاستی رۆشنبیریی کرێکار بەرز بێت و سازش لە مافەکانی نەکات و لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکاتەوە."