کاروباری کۆمەڵایەتی: ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێ، ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و دەبێت 17%ی مووچەکانیان بۆ بکرێتە دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە 12%ی دەبێت خاوەنی کۆمپانیا بیدات. لایەنی پەیوەندیداری کۆمپانیاکانی پاککردنەوە دەڵێن، "لە هەولێر 50%ی و لە سلێمانی 100%ی کرێکارەکانی پاککردنەوە کورد نین."
رۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو کرێکارێکی کەرتی تایبەت دەبێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێ. ژینگەپارێزارانیش سوودمەندن لەم بابەتە و دەبێت دەستەبەریان بۆ بکرێ. ئێمە لیژنەی بەدواداچوونمان هەیە. ئەگەر شوێنێک دەستبەری بۆ کرێکارانی نەکردبێت، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام زۆرجار دەکرێ ئاگاداری هەموو شوێنێک نەبین، بۆیە هەر کرێکارێک دەستەبەری بۆ نەکراوە و مافی خوراوە، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکات کە '5500'ـە، یان لە دادگەی کار سکاڵا تۆمار بکات."
بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، ئەو خاوەنکارانەی مافی کرێکارەکانیان وەک پێویست نادەن، رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە و بەپێبژاردن سزادەدرێن و پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی یاساکە و دابینکردنی مافەکانیان.
زیاتر لە 100 هەزار کرێکار لە سەندیکای کرێکاران تۆمار کراون. ئاریان ئەحمەد گوتی، "بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران نابێت کرێی کرێکاران لە 450 هەزار دینار کەمتر بێ؛ بەڵام دەکرێت کۆمپانیاکان گرێبەستیان کردبێت، تاوەکو گرێبەستەکە تەواو دەبێت، بڕیارە نوێیەکە جێبەجێ ناکرێت."
لە 03-08-2025، نووسراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو و تێیدا هاتبوو، "کەمترین کرێی کرێکارانی ناکارامە نابێت لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت، ئەوانەش کە بە رۆژانە کاردەکەن نابێت کرێی رۆژانەیان لە 15 هەزار دینار کەمتر بێت."
"ژینگەپارێز بە 80%ی مووچەکەی خۆی خانەنشین دەکرێت"
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "ژینگەپارێزان مافی خانەنشینبوونیان هەیە، بەڵام دەبێت 20 ساڵ خزمەتیان هەبێت، تەمەنیان بۆ پیاو 60 ساڵ و بۆ ژنان 55 ساڵ بێت و دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان هەبێت. لەکاتی خانەنشینبوونیان، 80%ی مووچەکەی خۆیان وەردەگرن."
کۆمپانیایەک لە هەولێر: ژینگەپارێزان مانگانە 350 هەزار دینار وەردەگرن
عوبێد حاتەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای قەدەر بۆ خاوێنکردنەوە لە هەولێر بە رووداوی گوت، "ئێستا هەر کرێکارێکی پاککەرەوە 350 هەزار دینار وەردەگرێ. هەرچەندە بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە مانگی ئابی ئەم ساڵ دەرچوو، بڕیاردرا مووچەی کرێکاران لە 450 هەزار دینار کەمتر نەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە تاوەکو 31-12-2025 گرێبەستمان لەگەڵ شارەوانی هەیە، تاوەکو ئەوکات کرێکاران بە هەمان مووچە کار دەکەن و بۆیان زیاد ناکرێت."
14 کۆمپانیای کرێکاریی پاککردنەوەی ژینگە لە پارێزگای هەولێر هەن. بەڕێوەبەری کۆمپانیای قەدەر گوتی، "لە ساڵی 2027 کاتێک گرێبەستەکە تەواو بوو و تەندەری نوێ راگەیێندرا، ئەوکاتە گرێبەستەکان بە 450 هەزار دینار دەکرێن بۆ هەر کرێکارێک بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران."
کۆمپانیای قەدەر 140 کارمەندی هەیە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی، "50%یان کوردن و ئەوانی دیکە بیانین. لەنێو شار خەڵک کەمتر بەو مووچە کەمە کاردەکات، زیاتر خەڵکی بیانی کار دەکەن، بەڵام لە دەرەوەی شار وەکو کۆیە و دەوروبەری هەولێر، رێژەی کورد دەگاتە 90٪یش."
بە گوتەی عوبێد حاتەم ئەحمەد، ئەوان دەستبەری کۆمەڵایەتی لە کرێکارەکانیان وەرناگرن و 17%ی دەستبەری کۆمەڵایەتییەکە خۆیان دەیدەن و کرێکارەکان هیچیان لێ وەرناگیرێ؛ ئەمەش بەپێی کۆمپانیا دەگۆڕێ؛ باسی لەوەش کرد، "هەموو کرێکارە کوردەکانی لای ئێمە 6 کاژێر کار دەکەن، لە کاتێکدا دەبێت هەشت کاژێر کار بکەن، بەڵام ئێمە ئەو کارئاسانییەشمان بۆ کردوون."
کۆمپانیایەک لە سلێمانی: 400 هەزار دینار دەدەینە ژینگەپارێزان
هاوکات شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بۆ پاکوخاوێنی لە سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، "گرێبەستمان لەگەڵ شارەوانی هەیە تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 2027، تاوەکو ئەو کاتە ناتوانین مووچەی مانگانەیان بکەینە 450 هەزار دینار، وەکو چۆن لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسکراوە. ئێستا 400 هەزار دینار دەدەین بە هەر کرێکارێک."
بە گوتەی شکار شۆڕش، هەموو کرێکاران دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە کە 17%ی مووچەکانیانە؛ باسی لەوەش کرد، "لە سنووری چەمچەماڵ و دووکان کارمەندان 300 هەزار وەردەگرن."
گوتیشی، "لەناو شار هەموو کرێکارەکان عەرەبن و کورد کاری پاککردنەوە ناکەن، بەڵام لە دەرەوەی شار 50%ی زیاتری کوردە."