رووداو وێنەیەکی بڵاونەکراوەی مام جەلال بڵاودەكاتەوە

رووداو - هەولێر 

وێنەیەکی بڵاونەکراوەی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێتە دەست (تۆڕی میدیایی رووداو)، كە مێژووەكەی بۆ 55 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو وێنەیەی دەست كەوتووە.

وێنەکە لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی شەوی پێنجشەممە 24-12-2015ى تەلەڤیزیۆنی رووداو لە راپۆرتەکەدا نیشان دەدرێت.

لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکە حەمید رەشاش، پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بەو وێنەیەی مام جەلال دەڵێت" مێژووی وێنەکە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1961 دەگەڕێتەوە و لە چەمی رێزان گیراوە".

حەمید رەشاش گوتیشی" ئەو وێنەیەی مام جەلال  تەنیا لای خۆم هەبووە و لە رۆژی  5-5-2011  بەدەستی خۆم داومەتەوە دەست مام جەلال".


وێنەكەی مام جەلال لە ساڵی 1961، كە تەمەنی 28 ساڵە

جەلال تاڵەبانی کێیە؟ 

جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، رۆڵەی رێبەرانی تەکیەی تاڵەبانی لە شاری کۆیەی باشووری کوردستانە. لەدایکبووی ساڵی 1933ی گوندی کەلکان، لە بناری چیای کۆسرەت. دەرچووی کۆلێژی یاسا، چالاکڤانی پێشووی یەكێتی قوتابیان، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار. هەروەها یەکەمین کورد کە بووەتە سەرۆککۆماری عێراق.



مام جەلال لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی دوو كوڕە بەناوەكانی قوباد و پاڤێڵ.

مام جەلال لە شاری کۆیە و لە تەمەنی هەرزەکاریدا لەڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵی سیاسەت دەبێت. لە مانگی دووی ساڵی 1953 سەرپەرشتیی سازدانی کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات و دەبێتە یەکەمین سکرتێری ئەو رێکخراوە. بەدواشیدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و دەبێتە سکرتێری ئەو رێکخراوەش. 

لە ساڵانی پەنجاکاندا مام جەلال دەچێتە رووسیا و لەوێ چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد ئاوارەی رووسیا ببوو. 

ساڵی 1959 کۆلێژی یاسا لە زانکۆی بەغدا تەواو دەکات و لە کاری سیاسیش بەردەوام دەبێت. 



لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961 ، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، مام جەلال رۆڵی سەرەکیی گێڕا. 

لە ساڵانی دواتریشدا رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و پێشمەرگە بووە. کەسێکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە. 

لەنیوەی دووەمی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ناکۆکیی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە. ئەوانەی لەگەڵ ئەودا هاوبیر بوون لە مێژووی کوردستاندا بە "باڵی جەلالی" دەناسرێن. 

دوای رێککەوتننامەی یازدەی ئازاری 1971، مام جەلال بۆ ماوەیەک دەڕواتە بەیرووت، بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕشی کوردستان. 

ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دادەمەزرێنێت و دەبێتە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە. 



بە درێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا. 

لەنیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندندا لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، چاوی بە سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کەوتووە. بەڵام دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبوو. 

ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردووە. 

لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەدام حوسێن دەکەوێتەوە و ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێئاکام دەبن.

تاوەکو ئێستا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سێ کۆنگرەی بەستووە و لە هەرسێکیاندا جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوەتەوە. 



لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992، کاندید بووە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. 

لەنیوەی دووەمی ساڵانی نەوەتدا، بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی. 

ساڵی 1998، لەگەڵ مەسعود بارزانی و بە نێواندگیریی ئەمریکا، رێککەوتننامەی واشنتن-یان واژۆکرد. بەوهۆیەشەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی هێندرا، کە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، چوار ساڵ بوو هەڵایسابوو.

لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. 

رۆژی 6ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار. کە ئەو کەسەش مام جەلال بوو. 



رۆژی 22ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ هەڵبژێردراوەتە سەرۆککۆماری عێراق.

لە هەمان ساڵدا نەوشیروان مستەفا، کە جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو و هاوڕێی کۆنی مام جەلال بوو، لە یەکێتی جیابووەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا سەرقاڵیی زۆری مام جەلال بە کاروباری سەرۆککۆماری و دوورکەوتنەوەی لە باشووری کوردستان بوو. 

لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010 یش دیسان مام جەلال دەبێتەوە سەرۆککۆمار.

رۆژی 17-12-2012، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشک، لە بەغدا دەکەوێتە نەخۆشخانە و دواتر بەپەلە دەنێردرێتە ئەڵمانیا. 



لەدوای نەخۆشبوونی و چوونی بۆ ئەڵمانیا هیچ رۆژنامەنووس و سیاسییەک نەیتوانی مام جەلال ببینێت، تەنیا ئەوانە نەبێت کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری تاڵەبانی، رێگەی پێداون. ئەوانەش بە پەنجەی دەست دەژمێردران.

لەماوەی زۆرتر لە ساڵێك و شەش مانگدا، تاکە کەس کە بۆی هەبووە زانیاری لەسەر رەوشی تەندروستیی مام جەلال بڵاوبکاتەوە، نەجمەدین کەریم بووە، کە لەلایەن خێزانەکەیەوە وەکو پزیشکی تایبەتیی نێوبراو ناسێندراوە.

دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی شەممە 17-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی.

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 14-11-2015، مام جەلال لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەمەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت، ئەوەش یەكەم چوونەدەرەوەی بوو بۆ ئەڵمانیا دوای گەڕانەوەی لە ساڵی 2014.

ئێوارەی رۆژی شەممە 5-12-2015، مام جەلال جارێكی دیكە گەیشتەوە شاری سلێمانی. 

مام جەلال لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا چەندین بەرپرسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی بینیوە و چاوی پێیان كەوتووە، بەڵام تەنها وێنەی دیدارەكانی لەلایەن میدیاكانی یەكێتیەوە بڵاودەكرێنەوە.