داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت شیرە ساختەکە نەکڕن
رووداو - هەولێر
کارگەیەکی شیری وشک و ساختە لە بەحرکە دەستی بەسەرداگیرا و داخرا. کارگەکە شیری خستووەتە نێو کیسی بچووک و پەمەیی و لەسەری نووسراوە دیالاک بۆ منداڵ و گەورە، پاشان بە نرخی شیری نیوزلەندی فرۆشراوە.
شیرە دەستبەسەردا گیراوەکە 14 تۆن بوو و، تیمەکانی چاودێریی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن؛ بە هیچ شێوەیەک ئەمجۆرە شیرە نەکڕن.
سامی نەجمەدین، بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستی هەولێر دەڵێ "دەرکەوت ئەم کارگەیە مۆڵەتی تەندروستی نییە، بە ساختە شیری وڵاتی ئێرلەندای بەناوی نیوزلەندا دەخاتە کیسەوە، گوایە لە ڤیێتنام خراوەتە ئەو کیسانە، کەچی لە بەحرکە دەرچوو و، بەناوی شیری دیالاک. ئەو شیرە مۆڵەتی تەندروستی نییە و نازانرێت چۆن، بە چ رێگەیەک و کامە فڕۆکەخانە هاتووە".
ئەوکاتەی تیمەکانی چاودێریی بازاڕ، پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە کارگەکە، کرێکارەکان لە دەرگای پشتەوەی رایانکردووە، بەشێک لەو پۆلیسانەی لەوێ بوون دەڵێن، خۆیان چەندین جار ئەو شیرەیان بۆ منداڵەکانیان کڕیوە.
نزیکەی ساڵێکە ئەو شوێنە کراوەتە کارگە، خاوەنی باڵەخانەکە دەڵێ، ئەو کاتەی مانگانە هاتووە بۆ وەرگرتنی کرێی باڵەخانەکەی، بە بیانووی راگرتنی پاکوخاوێنی نەیانهیشتووە بچێتە نێو کارگەکە.
یەعقووب جادر، خاوەنی باڵەخانەی کارگەکە دەڵێ "من، خاوەنی ئەم موڵکەم، بە کرێ داومەتە خاوەنی کارگەکە، بەڵام نەمزانیوە شیری ساختەی تێدا دروستدەکرێت، کە دەهاتم پارەی کرێ وەرگرم، دەیگوت من لە (تەعقیم)ـدام و ناتوانی بێیە ژوورەوە".
ئێستا شیرەکە لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان دەفرۆشرێت. رائید نەجمەدین حوسێن، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بەحرکە دەڵێ "پەڕاوی لێکوڵینەوەمان بۆ (ئەم کەیسە) رێکخست و، رەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەمان کرد، دادوەر بڕیاری لەسەر دەدات و ئێمەش جێبەجێی دەکەین".
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، جگە لە لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ، تەنها لەلایەن تیمەکانی چاودێری تەندروستی پارێزگای هەولێر 70 تۆن خۆراکی ساختە و ماوەبەسەرچوو لەنێوبردران و، 514 تۆن خۆراکیش رەوانەی ئەو وڵاتانە کراونەتەوە کە لێوەی هاوردەکراون.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار