پاڵاوگەی کەڵەک: دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەهۆی تەقینی یەکێک لە عەمبارەکانی بەنزین لە پاڵاوگەی کەڵەک لە کەورگۆسک سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. پاڵاوگەی کەڵەک دەڵێت، دوای رەزامەندی وەرگرتن لە بەشی سەلامەتی لە پاڵاوگەکە کار لەو عەمبارەدا کراوە و رووداوەکەش لە دوایین کاژێری چاککردنەوەی عەمبارەکە بووە.
بەپێی روونکردنەوەیەکی پاڵاوگەی کەڵەک کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە لەبارەی رووداوەکە، تێیدا هاتووە، "کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی کە دەبوو نۆژەن بکرێتەوە لە 30-11-2020دا بەتاڵ کرا. دوای ئەوەی رەزامەندی بەشی سەلامەتی لە پاڵاوگە وەگیرا، دەست بە کارکردن کرا تێیدا".
پاڵاوگەکە دەڵێت، "نزیکەی 13 رۆژ کاری تێدا کرا و لە دوایین رۆژدا کە 24-12-2020 بوو، دروست لە دوایین کاژێری چاککردنەوەیدا رووداوێکی نەخوازراو روویدا و بەداخەوە سێ کارمەندمان گیانیان لەدەستدا و دوو کارمەندی دیکەشمان برینداربوون".
پاڵاوگەی کەڵەک ئاماژە بەوەشدەکات، لیژنەیەک لە پسپۆڕانی بیانی و پاڵاوگەکە پێکهێنراوە تاوەکو هۆکاری رووداوەکە بە دروستی دەستنیشان بکات.
پێشتر رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی هەولێر بە رووداوی گوت، "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دروستکراوە و لیژنەکە لە پۆلیس، پۆلیسی بەرگریی شارستانی و ئەندامێکی پاڵاوگەکە دەبن. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی عەمبارەکە دەکەین و دەمانەوێت بگەینە راستیی رووداوەکە".