رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە چەند کەسێکن و شینی گیانلەدەستدانی براکەیان دەگێڕن. شینی کۆچی دوایی مەسعود محەممەدی تەمەن 36 ساڵان کە بەهۆی تەقینی یەکێک لە عەمبارەکانی بەنزین لە پاڵاوگەی کەورگۆسک گیانی لەدەستداوە و کارمەندی بەشی سەلامەتی بووە و 12 ساڵ لەو پاڵاوگەیە کاریکردووە. کەسوکارەکەی دەڵێن ساڵێک بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو.
شەهاب محەممەد، برای مەسعودە و بە رووداوی گوت، "هاوڕێیەکم پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، خێرا وەرنە پاڵاوگەی کەورگۆسک یەکێک لە عەمبارەکان تەقیوەتەوە، منیش خەریکی خۆحازرکردن بووم، دووبارە تەلەفۆنی کرد و بەتووڕەی گوتی ئەوە بۆ نایێن، کە چووین زانیمان براکەمان بەهۆی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە".
بە گوتەی شایەتحاڵەکان وادەردەکەوێت پێنج کارمەندی بەشی چاککردنەوە، سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە لە یەکێک لە عەمبارەکانی بەنزین خەریکی لەحیمکردنی عەمبارەکە بوونە و پاڵەپەستۆی غازی پاشماوەی بەنزینی نێو عەمبارەکە و لە حیمکردن، بووەتەهۆی دروستبوونی ئاگر و تەقینەوەکە بەهۆیەشەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیشیان برینداربوون. لایەنی بەرپرسیش دەڵێن، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ چۆنیەتی روودانی رووداوەکە.
رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دروستکراوە و لیژنەکە لە پۆلیس، پۆلیسی بەرگریی شارستانی و ئەندامێکی پاڵاوگەکە دەبن. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی عەمبارەکە دەکەین و دەمانەوێت بگەینە راستیی رووداوەکە".
رووداوەکە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بووە. ئەو عەمبارە توانای هەڵگرتنی 30 ملیۆن لیتر بەنزینی هەبووە و لە ئەنجامی تەقینەوەکە جیا لە گیانلەدەستدانی سێ کەس 40 هەزار دۆلار زیانی ماددیشی هەبووە.
لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا دوو هەزار و 693 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەولێر روویانداوە و بەهۆیانەوە 52 کەس گیانیان لەدەستداوە، 56 کەس برینداربوونە و 58 کەسیش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر رزگارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ