بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی تەواوی جیهان، عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەکات و هیوا دەخوازێت جەژنی ئەمساڵ بە شادی، ئاشتی و پێکەوەیی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ هەینی 24-12-2021 جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسایە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو بۆنەیەوە رایگەیاند، "لەم بۆنە مەزنەدا، جەخت لە پاراستنی فەرهەنگی جوانی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئایینەکانی کوردستان دەکەم. لە هەمان کاتدا بە ئەرکی سەرشانی هەمووانی دەزانم کە پارێزگاری لە سەرجەم مافەکانی خوشک و برا مەسیحییەکانمان بکەین و وەک پێکهاتەیەکی دێرینی ئەم خاک و نەتەوەیە شانازییان پێوە بکەین".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "ئومێد دەکەم جەژنی ئەمساڵتان جەژنی کۆتایی سەختییەکان بێت و ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەمیشەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت".
کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان نەریتی تایبەت بە خۆیان بۆ جەژنی کریسمس هەیە. ئەوان ئەمشەو لە کەنیسە یادی کریسمس دەکەنەوە و نزا بۆ ساڵێکی باشتر دەکەن. کریستیانەکان رۆژی شەممە 25-12-2021 بە بۆنەی جەژنی کریسمس سەردانی یەکدی دەکەن و خواردنی تایبەت ئامادە دەکەن. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار کریستیان دەژین و خاوەنی 270 کەنیسەن.