هاتووچۆی هەولێر: سیستمی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێل رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بە مەبەستی نوێکردنەوەی سیستمەکە، گرێبەستی ئۆتۆمبێل تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ رادەوەستێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە مەبەستی باشترکردن و (Update)ـی سیستەمەکە، لە ئەمڕۆوە سیستمی گرێبەستی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبێل رادەگیرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی هەولێر، لە 01-01-2024 سیستمەکە کارا دەکرێتەوە.
هاوتووچۆی هەولێر دەڵێت، لە ماوەی راگرتنی سیستمەکەدا کۆمپانیا و پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەگەر ئۆتۆمبێلیان فرۆشت دوای کاراکردنەوەی سیستمەکە گرێبەستی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدەن بەو مەرجەی لە ناو گرێبەستەکەدا ئاماژە بە رێککەوتی فرۆشتنەکە درابێت.
گرێبەستی ئەلیکترۆنی لەلایەن کۆمپانیا و پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێلەوە بۆ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێن کە دەفرۆشرێن، کەسی کڕیار هەرکات بیەوێت ئۆتۆمبێلەکە بخاتە سەر ناوی خۆی، مەرجە گرێبەستی ئەلیکترۆنی کردبێت بۆ راییکردنی مامەڵەکەی لە هاتووچۆ.