ناڵە سوپەر ئازاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ناڵە سوپەر، میدیاکار و وەرزشکار دوای ماوەیەک مانەوەی لە زیندان، ئەمڕۆ ئازاد کرا.
 
تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری چاکسازیی نەوجەوانان و ئافرەتان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسە [ناڵە سوپەر] لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە لە زیندان دەرکراوە و براوەتە دەرەوە، دواتر کە دادوەر فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرکرد، لایەنی پەیوەندیدار وێنەیەکی نووسراوەکە بۆ ئێمە دەهێنێتەوە و بە فەرمی ئاگادارمان دەکاتەوە کە ئازاد کراوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کەیسی ناڵە سوپەر لە ئاسایشی هەولێرە و دۆسیەکەی لەبەردەستی ئەواندایە.
 
بەڕێوەبەری چاکسازیی نەوجەوانان و ئافرەتان لە هەولێر گوتی، ئەوان لایەنی جێبەجێکار نین بۆ دەستگیرکردن و ئازادکردنی تۆمەتباران و سزادراوان، بەڵکو بە نووسراو لە لایەنی ئەمنی وەردەگرن، هەر ئەوانیش بە بڕیاری دادوەر دەتوانن زیندانییەکە ببەنە دەرەوە بۆ ئازاد کردن.
 
ناڵە سووپەر، کە پێشتر ماوەیەک وەرزشکار و ماوەیەکیش میدیاکار بووە، رۆژی 12-05-2022 بە پێنچ ساڵ و مانگێک زیندانیکردن سزادرا، بەڵام دوای تەمیزکردنەوە سزاکەی بۆ ساڵێک و سێ مانگ کەمکرایەوە، بۆیە بڕیاربوو رۆژ یەکشەممە 12-11-2023 ئازادبکرێت، بەڵام دووبارە سزادرایەوە.
 
12ی مانگی رابردوو خوناو عوسمان، دایکی ناڵە سووپەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بۆ ئازادکردنی چووین بۆ دادگەی هەولێر، بەڵام دەرکەوت پێنجشەممەی رابردوو کۆتایی دەوام دۆسیەیەکی نوێیان لەسەر کردووەتەوە و ئەمڕۆ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بە پێنج ساڵ و مانگێک سزادرایەوە لە کاتێکدا ناڵە مامۆستایە، وەرزشوانە."
 
خوناو عوسمان، دەڵێت، "کاژێر 9:30 دادگەییەکە دەستیپێکرد تاوەکو دەوروبەری کاژێر 11:00، ناڵە تەنیا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە کە دراونەتە پاڵی، ئەو تۆمەتانەش لە رێگەی کچێکەوە بۆی هەڵواسراوە کە هاوڕێی ناڵە بووە و بەردەوام لە ماڵی ئێمە بووە. ئەمڕۆ وەکو شاهید بانگی ئەو کچە کرابوو لەسەر گوتەکانی، بەڵام ئامادە نەبوو."
 
بە گوتەی خوناو عوسمان، ناڵە سوپەر بە مادەی 1ی یاسای ژمارە 21ی 2003 سزادراوە. گوتیشی، "رۆژی 11ی 5ی 2022 ناڵە بۆ نووسینی ماستەرنامەکەی لە دهۆک بوو، ئەو کچەی برادەری پەیوەندیی پێوە کردبوو کە رۆژی 12ی 5 یەکدی ببینن، بەڵام دەستگیریان کرد، لە کاتێکدا ئەو هیچ کاتێک خۆی حەشار نەدابوو."
 
دوای بڵاوبوونەوەی سزای ناڵە سووپەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ و مانگێک هەندێک هەواڵ بڵاوکرایەوە لەبارەی ئەوەی ناڵە لەکاتی خوێندنەوەی سزاکەی جنێوی داوە، لەوبارەوە دایکی گوتی، "هیچ کەسێک نان و پیاز بە بابەتەکە نەخوات، گوایە دەگوترێت دوای خوێندنەوەی سزاکەی لەلایەن حاکمەوە، جنێوی داوە؛ ئەو قسەیە هیچ راست نییە و لەنێو حەرەمی دادگە جنێو نەدراوە و ناڵە لەو ئاستە نییە جنێو بدات."