سامانی ماسیی کرماشان: پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن ماسیمان هەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسیی پارێزگای کرماشان دەڵێ، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن ماسی لە سنووری پارێزگاکە بەرهەم بهێندرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کرماشان خەریکە دەبێتە ناوەندێکی سەرەکیی بەخێوکردن و هەناردەکردنی ماسی لە ئێران.
 
سیامەک ئەلیاسپوور، بەڕێوەبەری سامانی ماسیی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئێستا 502 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری پارێزگاکە هەن کە راستەوخۆ هەلی کاریان بۆ زیاتر لە 3 هەزار و 849 کەس رەخساندووە.
 
سیامەک ئەلیاسپوور دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ (هەتاوی) زیاتر لە 25 هەزار و 250 تۆن ماسیی جۆراوجۆر لە پڕۆژەکان بەرهەم بهێندرێن کە بەراورد بە پار، دوو هەزار و 463 تۆن زیاتر دەبێ."
 
سیامەک ئەلیاسپوور دەشڵێت، پار لە کرماشان 22 هەزار و 787 تۆن ماسیی جۆراوجۆر بەرهەم هێندران کە جگە لە دابینکردنی پێویستیی نێوخۆیی، بەشێکی هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سامانی ماسیی کرماشان، پار 5 هەزار و 147 تۆن ماسی لەو پارێزگایەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
پارێزگای کرماشان یەکێک لە پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری رۆبیانە. سیامەک ئەلیاسپوور لەوبارەوە دەڵێ، ئەم ساڵ پێشبینیی بەرهەمهێنانی 30 تۆن رۆبیان دەکەن.
 
ئاماژە بەوەش دەکات، لە پاییزی پارەوە تاوەکو پاییزی ئەم ساڵ پێنج پرۆژەی گەورەی بەخێوکردنی ماسی لە پارێزگای کرماشان کراونەتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 800 تۆن ماسیان هەیە و هەلی کاریان بۆ 86 کەس رەخساندووە.
 
سیامەک ئەلیاسپوور باس لەوەش دەکات، بەم دواییانە پرۆژەیەکی بەخێوکردنی ماسی لە شاری پاوە کرایەوە کە دەتوانێ ساڵانە 800 تۆن بەرهەمی هەبێت و هەلی کار بۆ 80 کەس رەخساندووە.