یەکێتیی ئەورووپا 100 هەزار یۆرۆ بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ تەرخان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی سەرەتای ئەم مانگە سنووری چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکەی گرتەوە، یەکێتیی ئەورووپا بڕی 100 هەزار یۆرۆی وەک هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچانە تەرخان کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، تیمی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیە بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقییە تاوەکو پێداویستییە سەرەکییەکان بە هاووڵاتییان بگەیێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارە زیاتر لە 16 هەزار کەس لەو هاوکارییە سوودمەند بن، کە بەهۆی لافاوەکەوە ماڵ و حاڵ و سەرچاوەی بژێوییان زیانی پێگەیشتووە.
 
تیمی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، هاوکارییەکان بریتین لە: کەلوپەلی ناوماڵ، خۆراک، پێداویستیی زستانە، کەرستەی تەندروستی، هاوکاریی دارایی (کاش) و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئاو و تەندروستی.
 
ئەم هاوکارییە بەشێکە لە بەشداریی گشتیی یەکێتیی ئەورووپا لە سندووقی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی (DREF) کە سەر بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوورە.
 
رۆژی 7ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژی خایاند، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا؛ لەو نێوەندەشدا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەجۆرێک زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.
 
دوێنێ سێشەممە، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان رایگەیاند، لە کۆی 1302 ماڵی زیانلێکەوتوو، تەنیا 38 ماڵ ماون هاوکارییەکانیان وەربگرن.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵ گوتی: "چوار خێزان بە ویستی خۆیان هاوکارییەکەیان بەخشیوەتەوە بە کۆمیسیۆن تاوەکو لە پڕۆژەی گشتیدا خەرج بکرێت."
 
سەبارەت بەوانەشی تاوەکو ئێستا قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە، عەتا محەممەد گوتی: "ئەوانە یان لە دەوام بوون یان لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە چەکەکانیان ئامادە کراوە و لە بانکە؛ دەتوانن بچن چەکەکانیان و پارەکانیان وەربگرن."